وەزارەتی ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5-7-2026، ئاشکرای کرد، جووڵەیەکی بەرفراوانی حکومی و پەرلەمانی دەستی پێکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی ڕووبارەکانی دیجلە، فورات و شەتولعەرەب، هاوکات ئاماژەی بە دەستپێکردنی پلانێکی ستراتیژی کرد بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سەرچاوە پیسکەرەکان.
نەجلە موحسین وائیلی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەکنیکی لە وەزارەت، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، “چەندین دانیشتنی نائاسایی و چڕوپڕ بۆ تاوتوێکردنی پیسبوونی ڕووبارەکان ئەنجام دراون، چونکە وەزارەت لایەنی بەرپرسە لە چاودێریکردنی جۆری ئاو.”
ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار یوسف کیلابی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەت بەڕێوەچووە.
وائیلی ڕوونی کردەوە، وەزارەت لەو دانیشتنانەدا کێشە دەستنیشانکراوەکانی خستووەتە ڕوو، کە بە خشتەی ورد بۆ هەر پارێزگایەک پشتڕاست کراونەتەوە، تێیدا سەرچاوە پیسکەرەکان دیاری کراون، جا چ هی ئاوەڕۆی شار بێت یان پاشماوەی پیشەسازی و چالاکییەکانی وزەی کارەبا. ئەم هەوڵانەش بایەخێکی زۆری لەلایەن دەسەڵاتە باڵاکانی دەوڵەتەوە پێ دراوە.
هەروەها گوتیشی، ئەم پرسە بایەخێکی ئایینی گەورەشی پێ دراوە، کە ئەویش دەرچوونی فەتوایەک بوو لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەکان، سەید عەلی سیستانی، کە تێیدا فڕێدانی هەر جۆرە پاشماوە و ئاوی ئاوەڕۆیەکی بۆ ناو ڕووبارەکان بە “حەرام” داناوە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد کە پیسبوونی ئاو بووەتە کێشەیەکی ڕاستەقینە و بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی سەرچاوەوە خراپتر بووە. لە ئێستاشدا کارەکان لە پڕۆژەکانی چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆوە دەست پێ دەکەن و هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی بەغدا کراوە بۆ چارەسەرکردنی گەورەترین خاڵەکانی ڕژانی پاشماوە لە پایتەختدا.

