خەڵکی ئالبانیا لە ٣٥ ڕۆژی ڕابردووەوە بێ وەستان دژی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی لوکس لە ناوچەیەکی پارێزراوی سروشتیدا خۆپێشاندان دەکەن. جارێد کۆشنەری زاوای دۆناڵد تڕەمپ لەم پڕۆژەیەدا بەشدارە. داواکاریی خۆپێشاندەران ئێستا لەم پڕۆژەیە تێپەڕیوە و ژمارەی بەشداربووانیش ڕوو لە زیادبوونە.
سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئالبانیا لە مانگێک پێش ئێستاوە تەنها لەسەر پاراستنی فلامینگۆکان بوو، بەڵام ئێستا ناڕەزایەتییەکان بۆ دۆخی گشتیی ئالبانیا گۆڕاون. ڕۆژی شەممە ٤ی تەممووز لە تیرانای پایتەختی ئالبانیا، دەیان هەزار کەس دژی پڕۆژەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی لوکسی سەر بە جارێد کۆشنەر خۆپێشاندانیان کرد.
ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا ڕایگەیاند ئەمە گەورەترین کۆبوونەوەیە لە کاتی دەستپێکردنی “خۆپێشاندانی فلامینگۆکان”ەوە لە مانگی ئایاردا. میدیاکانی ئالبانیا بە فەرمی ئەمەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، تەنها باسیان لە بەشداریی بێوێنەی خەڵک لەم کۆبوونەوەیەدا کردووە.
ئەم ناڕەزایەتییانە سەرەتا وەک جووڵانەوەیەکی ژینگەیی دژی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری لە ناوچەی پارێزراوی “زۆرنێتس” لە کەناراوەکانی باشووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد. ئەم ناوچەیە یەکێکە لە گرنگترین شوێنەکانی زاوزێی فلامینگۆکان. جارێد کۆشنەر و ئیڤانکا تڕەمپی هاوسەری لەم پڕۆژە بیناسازییەدا بەشدارن. ناڕەزایەتییەکان کاتێک دەستیان پێ کرد پەرژینە تەلدارەکان و ئامێرەکانی هەڵکەندن لە یەکێک لە کەناراوەکانی زۆرنێتس دەرکەوتن. ڕۆژی شەممە ٣٥ەمین ڕۆژی بەردەوامیی ئەم ناڕەزایەتییانە بوو.
خۆپێشاندانە ڕۆژانەکان ئێستا حکوومەتی ئالبانیاشیان کردووەتە ئامانج. خۆپێشاندەران گەندەڵیی ئەو وڵاتە سەرکۆنە دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێدی ڕامای سەرۆکوەزیران دەکەن.
لەسەر یەکێک لە پلاکاردەکان لە خۆپێشاندانەکەی ڕۆژی شەممەدا نووسرابوو: “ئالبانیا بۆ فرۆشتن نییە.” هەندێک لە خۆپێشاندەران داوای ئازادکردنی ئەو ١٩ کەسە دەکەن ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەستگیر کران.
ڕۆژی پێنجشەممە، خۆپێشاندەران لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمان کۆ بوونەوە ڕێگری لە چوونەژوورەوەی نوێنەران بۆ ناو پەرلەمان بکەن. پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژ و ئۆتۆمبێلی ئاوڕێژی بەکار هێنا. خۆپێشاندەرانیش بە هاویشتنی هێلکە و بەرد و کەرەستەی دیکە بەرانبەر هێزەکانی پۆلیس، هەوڵیان دا ڕیزەکانیان ببەزێنن. بەرپرسانی وڵاتەکە گوتیان ١٥ پۆلیس بریندار بوونە و ٢٥ خۆپێشاندەر دەستگیر کراون.
حکوومەتی ئالبانیا ماوەیەکی زۆرە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گەشەپێدانی گەشتیارییەوە ئابووریی وڵاتەکەی ببووژێنێتەوە. بنەماڵەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا وەبەرهێنانیان لە چەندین پڕۆژەی لوکسدا کردووە. ڕەخنەگران کۆشنەر و هاوسەرەکەی بەوە تۆمەتبار دەکەن بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان سۆدیان لە سەرۆکایەتیی تڕەمپ وەرگرتووە. ئێستا تەنانەت باس لە “شۆڕشی فلامینگۆکان” دەکرێت.

