zagros news agency

دوای پێنج مانگ جووڵەی بازرگانیی دەریایی نێوان ئێران و قەتەر دەستی پێکردەوە

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5-7-2026 ڕایگەیاند، جووڵەی بازرگانیی دەریایی نێوان ئێران و قەتەر دوای پێنج مانگ لە ڕاوەستان، دووبارە دەستی پێکردووەتەوە. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی تدر چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەژمار دەکرێت.

میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری عەباس عەبدولخانی، بەرپرسی بازرگانیی ئێران لە دەوحە، بڵاویان کردەوە، کە پڕۆسەی گواستنەوە و بارهەڵگری دەریایی لەنێوان بەندەری “بەندەر دەیر”ی ئێرانی و بەندەری “ئەلڕوەیس”ی قەتەری دەستی پێکردووەتەوە. ڕوونیشیکردەوە کە ئەم بڕیارە دوای هەماهەنگییەکی چڕ لەنێوان باڵیۆزخانەی ئێران لە دەوحە و دەسەڵاتدارانی قەتەردا هاتووە.

ئەم پێشهاتە ئەرێنییە لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو تاران و واشنتن گەیشتنە ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕ و ململانێیەی کە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، پێویستە هاتوچۆی دەریایی لە کەنداودا بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش هەڵگیرسانی شەڕ، هەرچەندە هێشتا هەندێک ناکۆکی لەسەر میکانیزمەکانی تێپەڕین لە کەنداو و چۆنیەتی گواستنەوەکان ماونەتەوە.

بەندەرەکانی “بەندەر دەیر” و “ئەلڕوەیس” ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتدا. جێی ئاماژەیە، بەندەری “بەندەر دەیر” لە ماوەی ململانێکاندا چەند جارێک ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی ببووەوە کە بووە هۆی پەککەوتنی کارەکانی.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ئاشکرای کردبوو کە پڕۆسەی داگرتنی کاڵا ئێرانییەکان لە بەندەری “جەبەل عەلی” لە دەوڵەتی ئیمارات دەستی پێکردووەتەوە. ئەمەش وەک نیشانەیەکی دیکەی بەهێز بۆ ئاساییبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ناوچەی کەنداودا دەبینرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرهەد بایز : پارتی واتە كورد و كوردستان

گوران

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: زیاتر لە 5600 خێزان پێشوەختە لە کەمپی “هۆل”ـەوە گوازراونەتەوە

یاسین

نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان دابەزینى تۆمار کردوە

سەڵاح