سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانی “مۆنتەسیرون”، فالح خەزعەلی، هۆشداری دەدات لە ئەگەری لەدەستدانی گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کۆریای باشوور لەلایەن عێراقەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەغدا ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی لە سیئۆلەوە پێگەیشتووە کە تێیدا هاتووە ئەگەر عێراق قیستە داراییەکان نەدات، سیستمەکە بە وڵاتێکی تر دەفرۆشن.
خەزعەلی لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی گوت “وەزارەتی بەرگریی عێراق پێشتر گرێبەستێکی لەگەڵ کۆریای باشوور واژۆ کردبوو بۆ دابینکردنی سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی بە بەهای 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.”
سەرۆکی فراکسیۆنی مۆنتەسیرون ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی:
حکومەتی عێراق قیستی یەکەمی بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار داوە.
بڕیار وابوو بڕە پارەی ماوە لە ساڵی 2025دا بدرێت، بەڵام بەهۆی کەمیی بودجە و نەبوونی تەرخانکراوی دارایی، پێدانی قیستەکان دواکەوتووە.
حکومەتی کۆریای باشوور بە فەرمی بەغدای ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر پارەی ماوەی گرێبەستەکە نەدرێت، سیستمەکە بە وڵاتێکی تر دەفرۆشن.
پێشتر سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق لە تشرینی دووەمی 2025دا ئاشکرای کردبوو کە عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆریای باشوور کردووە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، کە پێکهاتووە لە 8 پاتری دژەفڕین بە بەهای 2.63 ملیار دۆلار.
ئەو سەرچاوەیە لەو کاتەدا ئاماژەی بەوەش کردبوو: “ئەگەر عێراق سەرکەوتوو بێت لە دابینکردنی پارەی ئەو سیستمە بەرگرییەی کە دەگاتە وڵات، ئەوا کۆریای باشوور پاترییەکانی تری بەرگری بەدوای یەکدا ڕادەست دەکات، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر پارەکە نەدرێت، ڕەنگە گرێبەستەکە شکست بهێنێت.”

