فیلمی ژیاننامەیی “MICHAEL” توانی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار بکات، دوای ئەوەی پێش فیلمی “The Passion of the Christ” کەوت و بووە پڕداهاتترین فیلمی ژیاننامەیی لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی ئەمریکیدا. لاپەڕەی فەرمی گلۆباڵ بۆکس ئۆفیس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، فیلمەکە تەنیا لەناو ئەمریکادا 371 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە.
شیکەرەوەی بۆکس ئۆفیس لویس فێرناندۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، داهاتی فیلمەکە لە ئەمریکای باکوور لە 370.8 ملیۆن دۆلار تێپەڕی، ئەمەش وایکرد پۆلێنی 65ەمین لە نێوان پڕداهاتترین فیلمەکانی مێژووی ئەمریکا بەدەستبهێنێت.
لەسەر ئاستی جیهانیش، ئەم بەرهەمە بەردەوام سەرکەوتنی گەورە تۆماردەکات و پێش فیلمی “Oppenheimer”ی دەرهێنەر کریستۆفەر نۆلان کەوت کە داهاتەکەی 977 ملیۆن دۆلار بوو. فیلمی “MICHAEL” لە کاتی بڵاوکردنەوەی لە نیسانی 2026، داهاتی 370.2 ملیۆن دۆلاری لە ئەمریکا و 607.2 ملیۆن دۆلاری لە جیهاندا بەدەستهێناوە.
فیلمەکە لە دەرهێنانی ئەنتوان فوکوا و پاڵەوانێتی جەعفەر جاکسۆنە، کە بۆ یەکەمجار لە فیلمێکی درێژدا دەرکەوت و توانایەکی بەرز و ورەیەکی زۆری پێشکەش کرد بۆ گێڕانەوەی ژیانی ئەم ئەستێرەیە، بەمەش بووە سەرکەوتووترین بەرهەم لەم بوارەدا.

