zagros news agency

لە خەبات تیروپشک بۆ دابەشکردنی زیاتر لە ٣ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و جووتیاران کرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە قەزای خەبات بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، پڕۆسەی تیروپشک بۆ دابەشکردنی زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و قەرەبووی جووتیاران بەڕێوەچوو. لایەنە پەیوەندارەکانیش جەخت دەکەنەوە کە پڕۆسەکە تا سوودمەندبوونی دواین فەرمانبەر بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ ٨ـی تەممووزی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تیروپشک بۆ دابەشکردنی ٣ هەزار پارچە زەوی لە سنووری قەزای خەبات ئەنجامدرا، کە ٢ هەزار و ٦٠٠ پارچەیان بۆ فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازییە و ٤٠٠ پارچە زەویش وەک قەرەبوو بۆ جووتیارانی ناوچەکە تەرخان کراوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئەم پڕۆسەیە لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ خزمەتکردنی فەرمانبەران. فەرمانگە پەیوەندارەکان کارێکی زۆر باشیان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شەفافی و بەپێی یاسا بەڕێوە بچێت.”

وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە دابەشکردنی زەوی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کارەکان لە هەموو شوێنەکان بەردەوامییان هەیە.

لای خۆشییەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: “خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ فەرمانبەرانی قەزای خەبات بە مافی خۆیان شاد دەبن. لە سنووری پارێزگای هەولێر تا ئێستا زۆرترین پارچە زەوی دابەش کراوە، بە شێوەیەک کە زیاتر لە ٦٠٪ـی فەرمانبەرانی ئەم سنوورە سوودمەند بوون.”

پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و گوتی: “پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی ناوەستێت تاوەکو یەک فەرمانبەر مابێت کە مەرجەکانی تێدا بێت و زەوی وەرنەگرتبێت.”

بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، یەکێکە لە بڕیارە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ئامانج لێی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

تەقینەوەی مین لە دێرەزۆر حه‌وت کوژراو چوار برینداری لێکەوتەوە

سەڵاح

پرسەنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی نووسەر و شاعیر (ڕەفیق سابیر)

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبوەوە

سەڵاح