ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زمان سەرچاوەیەکی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە: پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، کۆبوونەوەی بەرنامەبۆداڕێژراوی خۆی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەربارەی ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-٣٥ بە تورکیا هەڵوەشاندووەتەوە. بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، بڕیار بوو هێگسێت لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش کۆ ببێتەوە و پرسی ئێران یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان بێت.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆیتەرزی گوت: هەر جۆرە فرۆشتنێکی ئێف-٣٥ بە تورکیا ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تووڕەیی بەرپرسانی ئیسرائیل.
نەتانیاهۆ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سیئێنئێن گوتبووی: دژی فرۆشتنی ئەم فڕۆکە جەنگییانەیە بە تورکیا و ئەم دژایەتییەی بە ڕوونی بە ترەمپ ڕاگەیاندووە.
ئەو گوتبووی فرۆشتنی ئێف-٣٥ بە تورکیا هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەدات، چونکە بە گوتەی ئەو، تورکیا “تەماحی هێرشبەرانەی” هەیە.
دۆناڵد ترەمپ بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە تورکیایە، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند سزاکانی ئەمریکا سەر ئەنقەرە هەڵدەگرێت کە دوای کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس-٤٠٠ی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٩دا سەپێنرابوون.
ئەو هەروەها باسی لە ئامادەیی خۆی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-٣٥ بە تورکیا کرد؛ کارێک بە نووسینی ڕۆیتەرز، ئەگەری هەیە نەک تەنها لە ئیسرائیل بەڵکوو لە کۆنگرێسی ئەمریکاشدا ڕووبەڕووی بەرگرییەکی توند ببێتەوە.
ئەنقەرە چەندین جار ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە هەوڵ دەدات ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا تێک بدات کە بە نێوەندگیریی پاکستان بەدەست هاتبوو.

