لە کاتێکدا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، واشینگتن جەختی کردەوە هێشتا پابەندی ڕێگەی دیپلۆماسییە و ڕایگەیاند وتووێژەکان لەگەڵ تاران، سەرەڕای گرژییەکانی دوایی گەرووی هورمز و هێرشە سەربازییە بەرانبەرەکان، بەردەوام دەبن.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە زمان بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وتووێژەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەکات. ئەم لێدوانانە دەریدەخەن حکوومەتی ئەمریکا زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان وەک جێگرەوەی ڕێگەی سیاسی نابینێت، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ زیادکردنی گوشار بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی سەیری دەکات.
ئەم قسانە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هاتن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا “سێنتکۆم” کۆتاییهاتنی خولێکی نوێی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی ئێران ڕاگەیاند و گوتی: لەم ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە ٨٠ پێگەیان کردووەتە ئامانج.
ئەم ئامانجانە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، ڕادارە کەناراوەییەکان، سەکۆکانی موشەکی دژەکەشتی و هەروەها زیاتر لە ٦٠ بەلەمی سوپای پاسدارانیان لە سنووری گەرووی هورمزدا گرتووەتەوە.
سێنتکۆم ڕایگەیاند ئامانجی ئەم هێرشانە لاوازکردنی توانای ئێران بووە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی. ئەم فەرماندەییە هاوکات جەختی کردەوە هێزەکانی ئەمریکا لە “ئامادەباشیی تەواودا” دەمێننەوە تا لە ئەگەری پابەندنەبوونی تاران بە لێکتێگەیشتنەکان، دەست بە کار ببن.
لە بەرانبەردا، فەرماندەیی سەربازیی ئێران بە هەڕەشەی وەڵامێکی “کوشندە”، هێرشەکانی ئەمریکای بە “دەستدرێژییەکی ئاشکرا” ناو برد. ئەم دامەزراوەیە هەروەها دژایەتیی خۆی بۆ هەر جۆرە ڕۆڵێکی ئەمریکا لە بەڕێوەبردنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا دەربڕی.

