ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان بەردەوامییان دا بە پاشەکشەکردن و نرخەکان لەسەر ئاستی جیهانی و بازاڕەکانی ناوخۆدا نزمبوونەوەی زیاتریان بەخۆوە بینی.
لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ زیاتر دابەزی بۆ 4,030.21 دۆلار، یەک کیلۆگرام کەمبووەوە بۆ 129,574.26 دۆلار و یەک گرامیش گەیشتە 129.57 دۆلار.
هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نوێترین نرخەکانی سەندیکای زێڕنگران، بەهای عەیارەکان دابەزینی نوێیان تۆمارکرد؛ عەیارەی 22 دابەزی بۆ 930,829 دینار، عەیارەی 21 پاشەکشەی کرد بۆ 888,519 دینار و عەیارەی 18ـیش گەیشتە 761,588 دینار.
لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیو کەمێک بەرزبوونەوەی ڕێژەیی بەخۆوە بینی، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو لەسەر 58.13 دۆلارە، هەر کیلۆگرامێک بە 1,868.92 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 1.87 دۆلار جێگیر بووە.
شروڤەکارانی دارایی ڕوونیدەکەنەوە، توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نرخی نەوتی بەرز کردووەتەوە؛ ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەش دڵەڕاوکێی لە بازاڕدا دروستکردووە و چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا فیدراڵ ڕیزێرف بەهێزتر دەکات، ئەمەش وەک هۆکارێکی سەرەکی فشار دەکاتە سەر بەهای زێڕ و ڕێگرە لە بەرزبوونەوەی.

