zagros news agency

چاوەڕوان دەکرێت سەربازیی زۆرەملی لە ئەڵمانیا دەست پێ بکاتەوە

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئێستا بۆ ڕاکێشانی هێز پشت بە خۆبەخشان دەبەستێت، بەڵام لە کاتی پێویستدا ئەگەری هەیە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لەم وڵاتەدا دووبارە دەست پێ بکاتەوە. هاوکات، ژمارەی داواکارییەکانی ڕەتکردنەوەی خزمەتی سەربازی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئاژانسی هەواڵی “تۆڕی نووسینی ئەڵمانیا” لە زاری گوتەبێژی فەرمانگەی کاروباری خێزان و ئەرکە مەدەنییەکانی ئەم وڵاتە (BAFzA) بڵاوی کردەوە تەنها لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، پێنج هەزار و ٨٦٢ داواکاریی ڕەتکردنەوەی خزمەت پێشکەش بەم دامەزراوەیە کراوە. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، بە گشتی سێ هەزار و ٨٦٧ کەس لە ئەڵمانیا داوای ڕەتکردنەوەی خزمەتی سەربازییان کردبوو. ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، دوو هەزار و ٩٩٨ کەس بوو.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠١١دا، واتە ئەو ساڵەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە ئەڵمانیا ڕاگیرا، چوار هەزار و ٣٤٨ داواکاریی ڕەتکردنەوەی خزمەتی سەربازی تۆمار کرابوو. پێدەچێت زیادبوونی ئەم داواکارییانە پەیوەندیی بە دۆخی ئاڵۆزی ئەمنی و هەروەها یاسا نوێیەکەی خزمەتی سەربازییەوە هەبێت کە لە یەکی کانوونی دووەمەوە جێبەجێ دەکرێت.
تەوەرەی سەرەکیی ئەم یاسایە، پشکنینی پزیشکیی زۆرەملێیە بۆ ئەو گەنجە نێرینانەی لە ساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە لەدایک بوون. ئامانج لەم هەنگاوە، ڕاکێشانی خۆبەخشانە بۆ زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی سوپا. ئەگەر ئامانجە دیاریکراوەکان بۆ ڕاکێشانی هێز بەدی نەیەن، پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) دەتوانێت بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی جۆرێک لە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بدات.
هەرچەندە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە ئەڵمانیا لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەڵام هێشتا لە دەستووری ئەم وڵاتەدا بوونی هەیە. فەرمانگەی فیدراڵیی کاروباری خێزان و ئەرکە مەدەنییەکان جەختی کردەوە جیا لە ڕاگرتنی خزمەتی سەربازی، مافی ڕەتکردنەوەی خزمەتی سەربازی بە چەک بەهۆی بیروباوەڕ و ویژدانەوە، بەپێی دەستووری ئەڵمانیا، هێشتا پارێزراوە.
هاوکات، ژمارەیەک لەو کەسانەی پێشتر مافی ڕەتکردنەوەی خزمەتی سەربازییان بەکار هێنابوو، ئێستا داواکارییەکەیان کشاندووەتەوە. ڕۆژنامەی “نۆی ئۆسنابروکەر” لە مانگی نیساندا ڕاپۆرتی دابوو پارساڵ ٧٨١ کەس لە ڕەتکردنەوەی خزمەتی سەربازی پەشیمان بوونەتەوە. تەنها لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا ٢٣٣ حاڵەتی لەم شێوەیە تۆمار کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق سێ بەلەمی کواڵێتی بەرزی لە کۆریای باشوور وەرگرت

سەڵاح

ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی: بەهۆی گەندەڵی و نەبوونی دەرفەتی ژیان 85%ی ئاوارەكانی کەمپەکانی عێراق ناگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان

یاسین

هەواڵگریی لوبنان دوو عێراقیی رفێنراوی لەسەر سنووری سووریا رزگار کرد

یاسین