شەوی ڕابردوو بە ژمارەیەک درۆن هێرش کرایە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنییەکان لەلایەن سیستمە بەرگرییەکانی هاوپەیمانانەوە لە ئاسماندا تێکشکێنران.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی نووسیویەتی: “لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی دەستووریمان، بەتووندی ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین کە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئاسمانی شاری هەولێری لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەزاند”.
– زەیدی جەخت لەوە دەکاتەوە “چاوپۆشی لەم هەوڵە تاوانکاریانە ناکەین، کە بە شکستەوە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری گەلەکەمان و ڕێڕەوی متمانەپێکراویان لە بونیادنانی دەوڵەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەدات”.
– سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، دەزگا و پێکهاتە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکان بخەنەگەڕ، بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەوانەی هەوڵی زیان گەیاندن بە ئاسایشی گەلی عێراق لە هەموو شوێنێک دەدەن.

