zagros news agency

تۆمارکردنی حاڵەتێکی پزیشکیی زۆر سەیر و دەگمەن؛ دڵخۆشیی لەڕادەبەدەر ژنێکی رەوانەی نەخۆشخانه کرد

 

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی کە لە گۆڤاری زانستیی “آکسفورد مدیکال کیس ریپورتس” بڵاوکراوەتەوە، چیرۆکی ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵ دەگێڕێتەوە کە دوای بەشداریکردنی لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کچەکەیدا، تووشی دڵخۆشییەکی ئەوەندە بێپایان و کتوپڕ بووە کە پزیشکان لە سەرەتادا پێیان وابووە تووشی جەڵتەی دڵ بووە.

ئەم ژنە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەدەست ئازاری توندی سنگ و تەنگەنەفەسییەوە ناڵاندوویەتی. پشکنینەکان نیشانیاندا کە ماسولکەکانی دڵی لاواز بوون و توانای پاڵنانی خوێنیان کەمبووەتەوە، بەڵام هیچ خەستبوونەوە یان مەیینی خوێنێک لە دەمارەکانیدا نەبووە.

ئەم حاڵەته پزیشکییە ناوی زانستییەکەی “کاردیۆمیۆپاتی تاکۆتسۆبۆ” (Takotsubo Cardiomyopathy)یە. کاتێک بەهۆی خەم و جیابوونەوەی توندەوە ڕوودەدات، پێی دەوترێت حاڵەتی “دڵی شکاو”، بەڵام کاتێک بەهۆی هەستی دڵخۆشیی زۆرەوە بێت، پێی دەوترێت حاڵەتی”دڵی دڵخۆش”.

بەهۆی ئەم هەستە سۆزدارییە بەهێزەوە، ژووری لای چەپی دڵ بە شێوەیەکی کتوپڕ گۆڕانی بەسەردا دێت و وەک باڵۆن دەکشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی چالاکبوونی کۆئەندامی دەماری سیمپاساوی و دەردانی ڕێژەیەکی زۆری هۆرمۆنەکانی سترێس لە خوێندا.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ١٪ بۆ ٣٪ی ئەو نەخۆشانەی بە گومانی جەڵتەی دڵ دەخرێنە نەخۆشخانەوە، لە ڕاستیدا تووشی ئەم حاڵەتە بوون. لەم ڕێژەیەش تەنیا ٤٪یان پێوەندیی بە سیندڕۆمی دڵی دڵخۆشەوە هەیە، و داتاکان دەری دەخەن کە پیاوان زیاتر لە ژنان لەبەردەم مەترسیی تووشبووندان بەم جۆرە (دڵخۆشییە).

ئەم ژنە تەمەن ٦٥ ساڵە بەختەوەر بوو، چونکە دوای وەرگرتنی چاودێریی چڕ، دڵی بە تەواوی چاکبووەوە و گەڕایەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی، و پزیشکەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێستا بە تەندروستییەکی باشەوە چاوەڕێی ساتە خۆشەکانی تری ژیانی منداڵەکانی دەکات لە داهاتوودا.

هەواڵی پەیوەندیدار

دۆناڵد ترەمپ بزووتنەوەیەکی ناوخۆیی ئەمەریکای خستە لیستی تیرۆرەوە

سەڵاح

وەزارتی بەرگریی تورکیا کوژرانی ٨ ئەندامی پەکەکەی لە خواکورک، گارێ و مەتینا ڕاگەیاند

یاسین

لە هەولێر .. ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژەیەكی گەورەی ریسایكلینی ئاوەڕۆ ده‌كرێت

سەڵاح