بەپێی هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، ئێران لە پایزی ساڵی ڕابردوو هەزاران ئامێری سانتریفیوژی تایبەت بە دەوڵەمەندکردنی یورانیۆمی گواستووەتەوە بۆ ناو تونیلی قووڵی ژێر شاخی “پیکاکس” (Pickaxe Mountain). بەپێی بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی، ئەم هەنگاوە هۆکاری زیادبوونی نیگەرانییەکانە لەسەر ئەوەی کە تاران بتوانێت بەرنامەی ناوەکی خۆی دووبارە بنیات بنێتەوە.
ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال ڕاپۆرتی داوە کە ئیسرائیل ئەم زانیارییە هەواڵگرییانەی گەیاندووەتەوە بە ئەمریکا، و ئاماژەی کردووە کە ئامێرەکان لە پایزی ساڵی ڕابردوو، دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی مانگی حوزەیران، گواستراونەتەوە بۆ شوێنی “پیکاکس”، کاتێک واشنگتۆن و تەلئەبیب هێرشی ئاسمانیان کردە سەر سێ بنکەی سەرەکی بەرنامەی ناوەکی ئێران.
لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی (Institute for Science and International Security)، کە ناوەندێکی توێژینەوەییە لە بواری چەکی ناوەکی و نەبڵاوبوونەوەیە، ڕایگەیاندووە کە چالاکییەکان لەو ناوچەیە بەردەوام بوون لە ماوەی ١٥ مانگی ڕابردوودا. وێنەکانی مانگی دەستکرد نیشانی هاتوچۆی کامیۆن، بەهێزکردنی تونیلەکان و دروستکردنی پەڕگاری ئاسایشی دەدەن. هەروەها کار لەسەر تۆڕێکی کۆنی تونیلەکانیش کراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٧.
دەیڤید ئەلبرایت، سەرۆکی ئەم ناوەندە، وتی: “بە زۆرترین ئەگەری، ئێران ئامێرەکانی سانتریفیوژی گواستووەتەوە بۆ ناو ئەو تونیلانەی شاخی پیکاکس.
لە لایەکی دیکەوە، نەیت سوانسۆن، بەڕێوەبەری کاروباری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی جۆ بایدن، گوتی: مێژووی چالاکییە نهێنییە ناوەکییەکانی ئێران وای کردووە هەر چالاکییەکی ڕاگەنەدراو لە شوێنێکی پارێزراوی ژێر زەوی هۆکاری نیگەرانی بێت.
ئەو زیادیکرد: “خراپترین سناریۆ ئەوەیە کە ئێران بە شێوەی نهێنی پێشکەوتن بکات. ئێمە نازانین مەبەستی تاران چییە، بەڵام ئەوەی ناتوانرێت ئەم شوێنە پشکنین بکرێت، قەیرانی دۆخی ئێستای زیاتر دەردەخات.” هەروەها داوای کرد پشکنەرانی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لەو شوێنە ئامادە بن بۆ پشکنینی چالاکییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، شاخی “پیکاکس” لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ساڵی ڕابردوو ئامانجی سەرەکی نەبوو، و لە هێرشەکانی ئەمریکاشدا ئامانج نەکرا. بەڵام بەرپرسان و شارەزایان ماوەیەکە نیگەرانن کە ئێران بتوانێت ئەو تونیلانە بۆ هەڵگرتن یان دروستکردنی ئامێری ناوەکی و دامەزراندنی بنکەیەکی بچووکی دەوڵەمەندکردنی یورانیۆم بەکاربهێنێت.
هەروەها بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیلی، کە ئاگاداری پلانی ئامانجگرتنی هێرشەکان بوو، وتی هێرشە ئاسمانییەکانی دوا شەڕ بە شێوەیەکی تەواو کاریگەرییان لەسەر پڕۆژەکانی چەکی ناوەکی ئێران نەبووە، و هێشتا “کاری زیاتر” پێویستە بکرێت، بە تایبەتی لە ناوچەی شاخی “پیکاکس”.

