ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی عەرەبستانی سعوودی ڕێککەوتنێکی مێژووییان واژوو کرد، کە ڕێگە بە سعوودیە دەدات بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی پەرە پێ بدات. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی گەورە لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و ناوچەکەدا دەبینرێت.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا ڕێککەوتنەکەی بە “هاوکاریی ئەتۆمیی ئاشتییانە” وەسف کرد و ڕایگەیاند کە دەرفەتێکی فراوان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت تا لە بەرنامەی وزەی ئەتۆمیی سعوودیەدا بەشدار بن. هەرچەندە دەقی تەواوی ڕێککەوتنەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام میدیا ئەمریکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە لە داهاتوودا ڕێگە بە سعوودیە بدرێت یۆرانیۆم لەناو خاکی خۆیدا بپیتێنێت، ئەمەش وەک سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا و ئەگەری بەکارهێنانی دیکەش.
ئەم ڕێککەوتنە بە جۆرێک له پێشینەی کارەکانی ئەمریکا دادەنرێت، چونکە پێشتر مەرجی توندیان هەبووە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتانی ناوچەکەدا. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، هەردوو وڵات “ڕێککەوتنی گەرەنتی دووقۆڵی”یان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی واژوو کردووە.
کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئەم ڕێککەوتنانە پابەندن بە بەرزترین پێوەرەکانی سەلامەتی و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.” هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەگەری پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن سعوودیەوە ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە ئەمریکا ڕێککەوتنێک ناکات ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان.
لە بەرامبەردا، حکومەتی سعوودیە ڕایگەیاند کە ئەمە درێژکراوەی هاوکارییە وزەییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە و دوای سەردانەکەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین بۆ واشنتن دێت.
لە ناوخۆی ئەمریکا، ئەندامانی پارتی دیموکرات ڕەخنەی توندیان لە ڕێککەوتنەکە گرتووە. “براد شێرمان” ئەندامی کۆنگرێس، هۆشداری دا کە نابێت ئەمریکا تەنیا لەبەر قازانجی کۆمپانیاکانی، ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
لە ئیسرائیلیش هەڵوێستەکان جیاوازن؛ لە کاتێکدا هەندێک وەزیر پێیان وایە ئەگەر بۆ مەبەستی ئاشتییانە بێت دەکرێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئاڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری پێشووی بەرگری، داوای وەستاندنی ڕێککەوتنەکەی کرد و وتی: “ئەمە دەبێتە هۆی پێشبڕکێیەکی پڕچەککردنی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.”
ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە لوتکەدایە. سعوودیە کە هاوپەیمانێکی دێرینی واشنتنە، دەیەوێت پشتبەستنی بە نەوت و گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بکاتەوە. محەمەد بن سەلمان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، سعوودیەش هەمان هەنگاو دەنێت.
گفتوگۆکانی ئەم ڕێککەوتنە مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠٠٨ دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا و لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا گەیشتە قۆناغی کۆتایی و واژۆکردن.
سەرچاوە: بی بی سی

