مارکۆ ڕووبیۆ و سێرگی لاڤرۆڤ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی “ئاسێئان” لە مانیلا، دەربارەی جەنگی ئۆکراینا و پێوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا گفتوگۆیان کرد. گرژییەکانی ئێران و دەریای باشووری چینیش مژاری دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاوی کردەوە، مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی تەممووز لە فلیپین لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە. چاوەڕوان دەکرا لەم دیدارەدا جارێکی دیکە ئەگەری نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بخرێتە ڕوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەردوولا دەربارەی پێوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا گفتوگۆیان کردووە. گفتوگۆ سێ ڕۆژییەکان زیاتر لەسەر پەرەسەندنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و توندبوونی گرژییەکانی دەریای باشووری چین لە نێوان فلیپین و چیندا چڕ بوونەوە.
پێش دەستپێکردنی دیدارەکە، ڕۆژنامەنووسان لە لاڤرۆڤیان پرسی ئایا ڕووسیا لە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هاوکاریی ئێران دەکات؟ لاڤرۆڤ وەڵامی پرسیارەکانی نەدایەوە و بە تۆنێکی تەنزئامێزەوە گوتی: “بەرزتر قسە بکەن.” کاتی چوونە دەرەوەش لە وەڵامی دووبارەکردنەوەی پرسیارەکەدا، بە ڕۆژنامەنووسێکی گوت: “ستایلی قژت جوانە.”
ڕووبیۆ پێشتر بە ڕۆژنامەنووسانی گوتبوو، دەیەوێت بابەتی ئۆکراینا لەگەڵ لاڤرۆڤدا باس بکات. ئاماژەی بەوەش دا ئەمریکا و ڕووسیا دوو زلهێزی ئەتۆمیی جیهانن و سەرەڕای جیاوازییەکان، دەبێت پێوەندییان لەگەڵ حکوومەتی ڕووسیادا هەبێت. لاڤرۆڤیش گوتی دەربارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لەگەڵ ڕووبیۆدا دەدوێت.
ڕووبیۆ هەروەها لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و سابرامانیام جایشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان بە جیا کۆبووەوە. لە دیداری وەزیری دەرەوەی چیندا، باسی پێکدادانی نوێی نێوان هێزەکانی چین و فلیپین لە دەریای باشووری چین کرا. هاوکات پەنی وانگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، نیگەرانیی خۆی بەرانبەر تاقیکردنەوەی موشەکیی چین دەربڕی و بە کارێکی “تێکدەرانە” ناوی برد.

