zagros news agency

بەهۆی هەڕەشەکانی حوسییەکان؛ تانکەرێکی دانیمارکی ڕێڕەوی گەشتەکەی بۆ ئاسیا دەگۆڕێت

 

کۆمپانیای “تۆرم” (Torm) ی دانیمارکی ڕایگەیاند، کەشتییەکی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانیان بەناوی “Torm Innovation” بەهۆی تێکچوونی باری ئەمنی لە باشووری دەریای سوور و هەڕەشەکانی حوسییەکان، ناچار بووە ڕێڕەوی گەشتەکەی بەرەو ئاسیا بگۆڕێت.

ئەم بڕیارەی کۆمپانیا دانیمارکییەکە دوای ئەوە دێت کە حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕۆژی دووشەممە گەمارۆی دەریاییان دژی سعودیە ڕاگەیاند. ئەمەش وەک بەرەیەکی نوێی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەبینرێت کە مەترسی بۆ سەر دابینکردنی وزەی جیهانی و جووڵەی بازرگانی دروست کردووە.

وتەبێژی کۆمپانیای تۆرم لە لێدوانێکدا وتی: “بەهۆی دۆخی ئەمنی لە باشووری دەریای سوور، کەشتییەکەمان لە ڕێگەی نۆکەندی سوێس و پاشان بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا بەرەو ئاسیا دەڕوات. ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ئێمەیە بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی کارمەندەکانمان کە لەسەرووی هەموو کارەکانمانەوەیە.”

کەشتی “Torm Innovation” بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ماددەی “نافتا”ی لە بەندەری “یەنبوع”ی سعودیەوە بارکردووە و بڕیار بوو بەرەو ژاپۆن بڕوات. شارەزایانی دەریاوانی ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە گەرووی “باب المەندەب” و ڕۆیشتن بە دەوری ئەفریقادا، نزیکەی ٣٠ ڕۆژی دیکە دەخایەنێتە سەر ماوەی گەشتەکە.

داخستنی گەرووی باب المەندەب یان دروستبوونی مەترسی تێیدا، گورزێکی گەورە لە بازرگانی سعودیە دەوەشێنێت، چونکە ئەو گەرووە تاقە جێگرەوەی “گەرووی هورمز”ە بۆ هەناردەکردنی وزە.

شایەنی باسە، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣وە بە بیانووی پشتگیریکردنی فەڵەستینییەکان لە غەززە دەستی پێکرد. هەرچەندە دوای ئاگربەستی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو هێرشەکان وەستابوون، بەڵام لەم هەفتەیەدا حوسییەکان هێرشیان کردە سەر تانکەرێکی سعودی لە نزیک بەندەری “جیزان”.

بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی نۆکەندی سوێس، ئەم ئاڵۆزییانە بوونەتە هۆی ئەوەی قەبارەی بازرگانی لەو نۆکەندەدا بە ڕێژەی زیاتر لە ٥٠٪ دابەزێت، کە ئەمەش نزمترین ئاستی هاتوچۆی کەشتییەکانە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

هەولێر بە تاکە گۆڵێک لەگەڵ دیالە یەکسان بوو

یاسین

چوار وڵاتی زلهێزی ڕۆژئاوا پڕۆژەبڕیارێکی نوێ لە دژی ئێران پێشکەشی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەکەن

یاسین

عێراق ئەمساڵ ١.٥ ملیار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە

سەڵاح