وەزارەتی کارەبای عێراق 19 بەرپرس و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی دابەشکردنی کارەبای لە بەسرە لە کارەکانیان دوورخستەوە.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، یاسین عەبدولواحید یاسین بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای بەسرە و جێگرەکەی، هەروەها مازن مەزڵوم محەمەد بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای باکووری بەسرە و جێگرەکەی، لەگەڵ 15 بەرپرسی دیکە بەهۆی کەمتەرخەمی، گەندەڵی دارایی و دەستکاریکردنی پێوەرەکانی کارەبا دوورخراونەتەوە و ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی کراون.
ئەو بەرپرسانە ڕێککەوتنیان لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانە تایبەتەکاندا کردبوو، دەستکارییان لە پێوەرەکانی کارەبایاندا کردبوو بۆ ئەوەی پارەیەکی کەمتر بدەن. دوو محاویلەی 400 کەی ڤی لە کۆگاکانی باکووری بەسرە ون ببوون.

