دەرهێنەری جیهانی، کریستۆڤەر نۆلان، جارێکی دیکە سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای نوێترین بەرهەمی سینەمایی خۆی ڕاکێشا؛ سێزدەیەمین فیلمی درێژی بە ناوی “The Odyssey – ئۆدێسا” کە هێشتا پێش تەواوبوونی وێنەگرتنەکەی تکتەکانی فرۆشرابوون، دوای نمایشکردنیشی ڕووبەڕووی پێشوازییەکی کەمنەبووی ڕەخنەگران و جەماوەر بووەوە.
ئەم فیلمە کە بە یەکەمین بەرهەمی سینەمایی هەژماردەکرێت بە تەواوی بە کامێرای پێشکەوتووی “IMAX 70 mm” وێنەگیراوە، لە ڕێگەی گێڕانەوەی داستانە ناودارەکەی هۆمیرۆس و گەشتەکەی پاڵەوان ئۆدیسیۆس، سینەماکاران تووشی سەرسوڕمان بکات.
فیلمەکە لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە سەرانسەری جیهاندا توانینی 264 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە، کە بەمەش بەرزترین داهاتی دەستپێکی نمایش، لە مێژووی کاری دەرهێنەری نۆلان تۆمارکرد. بەم سەرکەوتنە نوێیەش، کۆی گشتی داهاتی فیلمەکانی نۆلان لە سەرانسەری جیهاندا 6.2 ملیار دۆلاری تێپەڕاند.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری “The Hollywood Reporter”، نۆلان ئاشکرایکرد، یەکەم ئاشنابوونی بە داستانی “ئۆدێسا” بۆ شانۆگەرییەکی قوتابخانە لە سەردەمی مناڵیدا دەگەڕێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا، لە 2004دا لە کاتی کارکردنی کورتی لەسەر فیلمی “Troy”، وێنەی ئەسپی تروادی لەسەر کەناراوەکان هاتبۆە خەیاڵی، دواتر بووە یەکێک لە یەکەم دیمەنەکانی فیلمە نوێیەکەی.
نۆلان جەختیکردەوە، فیلمەکە تەنیا داڕشتنەوەی داستانەکە نییە، بەڵکو درێژپێدەری ئەو پرسیار و بیرۆکانەیە کە زیاتر لە 25 ساڵە لە سینەماکەیدا کاریان لەسەر دەکات. گوتیشی: “لە کاتی نووسینی سناریۆکەدا درکم بەوە کرد کە بیرۆکەی ‘گەڕانەوە بۆ نیشتمان’ بە شێوەیەکی ناهۆشیارانە لە زۆربەی فیلمەکانمی پێشوومدا هەبووە، وەک Inception، Interstellar، Memento، The Prestige و Dunkirk”.
هەروەها ئاماژەی بە لێکچوونی نێوان کەسایەتی “ئۆدیسیۆس” و “ئۆپنهایمەر” کرد لە ڕووی هەستی پاشگەزبوونەوە و پەشیمانی لەو کاریگەرییە خراپەی کە ژیرییەکەیان بەسەر جیهاندا هێناویەتی.
نۆلان ئاشکرایکرد، خاوەندارێتیکردنی سەگێک بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا لەم ساڵانەی دواییدا، هاوکارێکی گەورەی بووە لە نووسینی یەکێک لە کاریگەرترین دیمەنەکانی فیلمەکە کە دیمەنی نێوان ئۆدیسیۆس و سەگی ڕاوەکەیەتی.
سەبارەت بە داواکاری بەردەوامی جەماوەر بۆ دروستکردنی فیلمی ترسناک، نۆلان بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: “فیلمی ئۆدێسا بەشێکی زۆر لە توخمەکانی چەشنی ترسناکی تێدایە، ئیدی پێویست ناکات لێم بپاڕێنەوە فیلمی ترسناک بکەم… تەنیا با تکتێک بکڕن”.
جەختیشی کردەوە، ئەمە حەزی ئەوی نەشکاندووە، بەڵکو ئارەزووی زیاتر کردووە بۆ دروستکردنی فیلمی ترسناک، بەو مەرجەی بیرۆکەیەکی بێئەندازە تایبەتی دەستبکەوێت.
لەبارەی فەلسەفەی کارکردنی، نۆلان ڕایگەیاند، ئەو خۆی لە ڕکابەری لەگەڵ دەرهێنەرەکانی تردا نابینێتەوە، بەڵکو ڕکابەری لەگەڵ “مێژووی سینەما” دەکات. ئاماژەی بەوەشدا، فیلمە بێدەنگەکان و تماشاکردنی فیلمی “Lawrence of Arabia” لە 1987 ئیلهامبەخشی سەرەکی بوون بۆی.
نۆلان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەرلەنوێ نمایشکردنەوەی فیلمی “The Prestige” لە ساڵی داهاتوودا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر دەرچوونیدا بە هەمان تەکنەلۆژیای 70mm، و ستایشی ڕۆڵگێڕانی کریستیان بەیڵی کرد لەو فیلمەدا و بە “یەکێک لە دیارترین ئەکتەرەکانی سەردەم” وەسفی کرد.

