پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە دوو کەس لە تەمەن، کێش و پێوەرەکانی جەستەدا هاوشێوە بن، بەڵام دۆخی تەندروستییان تەواو جیاواز بێت؛ یەکێکیان بەدەست بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، شەکرە و چەوریی سەر جگەرەوە بناڵێنێت، لە کاتێکدا ئەوی دیکەیان پشکنینەکانی ئاسایی بن. ئەم دۆخە لە زانستی پزیشکیدا ناوی نراوە “قەڵەویی مێتابۆلیزمی تەندروست” (Metabolically Healthy Obesity)، بەڵام ئایا ئەم جۆرە قەڵەوییە بە ڕاستی تەندروستە یان تەنیا قۆناغێکی کاتییە پێش دەرکەوتنی نەخۆشی؟
پێوەری بارستایی جەستە (BMI) هەموو شتێک دەرناخات
قەڵەوی بە گشتی بەپێی پێوەری بارستایی جەستە (BMI) کە 30 یان زیاتر بێت پێناسە دەکرێت، بەڵام ئەم پێوەرە ناتوانێت جیاوازی لە نێوان چەوری و ماسولکەدا بکات، یان شوێنی کۆبوونەوەی چەوری دیاری بکات.
لەسەر ئەم بنەمایە، لێژنەیەکی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ساڵی 2025 لە گۆڤاری زانستیی “The Lancet Diabetes & Endocrinology” بڵاوکرایەوە، جەختی کردەوە کە نابێت تەنیا پشت بەم پێوەرە ببەسترێت بۆ دیاریکردنی کێشە تەندروستییەکانی قەڵەوی، بەڵکو پێویستە پێوەرەکانی وەک چێوەی کەمەر، ڕێژەی کەمەر بۆ باڵا، و پێکهاتەی جەستە بپێورێن.
جیاوازیی نێوان چەورییەکان
هەموو چەورییەکانی جەستە وەک یەک نین؛ شوێنی عەمبارکردنی چەوری و چۆنیەتی مامەڵەکردنی جەستە لەگەڵیدا، لە بڕی چەورییەکە گرنگترە. کاتێک جەستە چەوری لەژێر پێستدا کۆدەکاتەوە، زیانی کەمترە، بەڵام کاتێک خانە چەورییەکان توانای کۆکردنەوەی وزەیان نامێنێت، چەورییەکە دەڕژێتە ناو خوێن و لە دەوری ئەندامە ناوخۆییەکان (چەوریی ناو سک یان حەشاری) و لەسەر جگەر و ماسولکەکان کۆدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەوکردن و بەرگریی ئەنسۆلین. ئەو کەسانەی بە “قەڵەوی مێتابۆلیزمی تەندروست” دادەنرێن، بە گشتی چەوریی ژێر پێستیان زیاترە و چەوریی دەوری ئەندامە ناوخۆییەکانیان کەمترە.
مەترسییەکان کەمترن بەڵام کۆتاییان نەهاتووە
توێژینەوەکان دەریدەخەن هەرچەندە ئەم کەسانە دۆخیان باشترە لەوانەی کێشەی مێتابۆلیزمیان هەیە، بەڵام بەراورد بە کەسانی خاوەن کێشی ئاسایی، هێشتا لەژێر مەترسیی زۆرتردان. توێژینەوەیەک لە بەریتانیا کە چاودێریی زیاتر لە 381 هەزار کەسی کردووە بۆ ماوەی 11 ساڵ، سەلماندوویەتی کە قەڵەویی تەندروست هێشتا پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، سستبوونی دڵ، کێشەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و مردنی پێشوەختە.
جگە لەوەش، ئەم دۆخە نەگۆڕ نییە؛ توێژینەوەیەکی فراوان لە چین نیشانی داوە کە نزیکەی 40%ی ئەو کەسانەی لە سەرەتادا قەڵەویی مێتابۆلیزمی تەندروستیان هەبووە، لە ماوەی چاودێریکردندا دۆخیان تێکچووە و تووشی کێشەی مێتابۆلیزمی وەک شەکرە و فشار بوون، ئەمەش مەترسیی نەخۆشکەوتنی دڵ و بۆرییەکانی خوێنی لای ئەوان بە توندی بەرزکردووەتەوە.
کێشەکانی دیکەی قەڵەوی بە پشکنین دەرناکەون
پشکنینە ئاساییەکانی خوێن و پەستان ناتوانن هەموو زیانەکانی قەڵەوی دیاری بکەن. کەسی قەڵەو تەنانەت ئەگەر پشکنینەکانیشی باش بن، لەوانەیە بەدەست کێشەی دیکەی وەک:
• تەنگەنەفەسی لە کاتی خەودا (Sleep Apnea)
• ئازاری جومگەکان و کەمیی توانای جووڵە
• کێشەی نەزۆکی و کەمبوونەوەی پیتاندن
• گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە و نەخۆشییەکانی زراو
• هەندێک جۆری شێرپەنجە
بناڵێنێت. لەبەر ئەم هۆکارانە، پسپۆڕان پێشنیار دەکەن گوزارشتی “قەڵەوی بەبێ تێکچوونی مێتابۆلیزمی دیار” بەکاربهێنرێت لەبری “قەڵەویی تەندروست”، چونکە زاراوەی دووەم دەکرێت دڵنیاییەکی درۆینە بە مرۆڤ ببەخشێت کە دوورە لە ڕاستییەوە.

