لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا کە جەخت لەسەر پێگە هونەرییە تایبەتەکەی دەکاتەوە لەسەر ئاستی جیهان، هونەرمەندی عێراقی کازم ساهیر بەفەرمی بانگهێشتی بە ئەندامبوون لە ئەکادیمیای تۆمارکردنی ئەمریکی (Recording Academy) قبووڵ کرد، کە دامەزراوەی ڕێکخەری خەڵاتەکانی گرامییە.
ساهیر ئەم هەواڵەی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و جەختی لەسەر ئامادەیی خۆی کردووەتەوە بۆ چوونەناو کۆمەڵەی ئەو هونەرمەند و ئەستێرە دیارانەی پێشتر بوونەتە ئەندام لەم ئەکادیمیایەدا.
ئەکادیمیای تۆمارکردن، کە دامەزراوەی سەرەکیی پشت ڕێکخستنی خەڵاتەکانی گرامییە، لە ڕێگەی بەخشینی ئەم ئەندامێتییەوە دەرفەت بە ئافرێنەر و هونەرمەندە شایستەکان دەدات بە کۆمەڵگەی پیشەسازیی موزیکەوە ببەسترێنەوە، جگە لە بەشداریپێکردنیان لە پڕۆسەی دەنگدان و ههڵسهنگاندنی بەرهەمەکان بەپێی پسپۆڕی و جۆری ئەندامێتییەکەیان.
پڕۆسەی وەرگرتنی ئەندامێتی لەم ئەکادیمیایەدا لە ڕێگەی پێشنیار و ڕاسپاردەی دوو کەسایەتی یان شارەزای کەرتی موزیکەوە دەستپێدەکات، پێش ئەوەی ڕێکارە فەرمییەکانی دیکەی ئەندامێتی تەواو بكرێن.
ئەکادیمیای تۆمارکردن لە تەمووزی ٢٠٢٦دا ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە چوار هەزار داوەتنامەی نوێیان ئاڕاستەی هونەرمەندان و پڕۆفێشناڵانی بەشە جیاوازەکانی موزیک کردووە لە سەرتاسەری جیهاندا، کازم ساهیر یەکێک بوو لە دیارترین ئەو کەسایەتییانەی بەفەرمی وەڵامی داوەتنامەکەی دایەوە.

