هاووڵاتییانی عێراقی لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەساڵ له کڕین و خاوەندارێتیی موڵک و خانووبەرە لە ئوردن، لە سەرووی لیستی ئەو بیانیانەن کە زۆرترین موڵکیان تێدا کڕیوە؛ بە جۆرێک کۆی گشتیی بەهای موڵکەکان گەیشتە 70.257 ملیۆن دیناری ئوردنی (100 ملیۆن دۆلار)، لە کاتێکدا کۆی گشتیی بەهای موڵکی فرۆشراو به بیانییەکان بە ڕێژەی 17٪ لەسەر بنەمای ساڵانە بەرز بووەوە.
بەپێی داتاکانی فەرمانگەی زەوی و ڕووبەری ئوردن، عێراقییەکان لە ماوەی نێوان کانوونی دووەم تا ئەیلولی 2026، (416) موڵکیان لەو وڵاتە کڕیوه، بەمەش دەستیان بەسەر نزیکەی 42٪ی کۆی گشتیی بەهای ئەو موڵکانەدا گرتووە کە لەلایەن بیانییەکانەوە لەو پادشایەتییەدا کڕاون.
تەنها لە مانگی ئەیلولدا، عێراقییەکان (43) موڵکیان بە بەهای 7.179 ملیۆن دیناری ئوردنی (10.13 ملیۆن دۆلار) کڕیوه و بەمەش بەردەوام بوون لە پێشەنگایەتیکردنی لیستی وەبەرهێنەرانی بیانی لە بازاڕی خانووبەرەی ئوردنیدا.
کۆی گشتیی ئەو موڵکانەی کە لەلایەن کەسانی بیانییەوە لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا لە ئوردن کڕاون، گەیشتووەتە (1,736) موڵک، کە ئەمەش ڕێژەی 1% دابەزینی بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو تۆمار کردووە، لە کاتێکدا بەهای گشتیی ئەم موڵکانە بە ڕێژەی 17% بەرز بووەوە و گەیشتە 168.311 ملیۆن دیناری ئوردنی.
داتاکان جەخت لەسەر بەردەوامیی ئامادەیی بەهێزی عێراقییەکان لە بازاڕی خانووبەرەی ئوردنیدا دەکەنەوە، چ لە ڕێگەی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون یان موڵکەکانی ترەوە، لە کاتێکدا بازاڕی ئوردن سەرنجی کڕیارانی لە چەندین ڕەگەزنامەی عەرەبی و جیهانیی دیکەش ڕادەکێشێت.

