لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە یەدەگی دارایی وڵات گەیشتووەتە ۱۰۹ تریلیۆن دینار، کە ئەمەش بەشی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی ۱۰ مانگ دەکات. لیژنەکە دووپاتی کردەوە کە ڕەوشی دارایی لەبارە و مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی مسۆگەرە.
مەنسوور بەعیجی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند، دوێنێ لیژنەکەیان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فالح ساری، وەزیری دارایی، و نزار ناسر حسێن، پارێزگاری بڕیاردەری بانی ناوەندی کۆبووەتەوە و ڕەوشی دارایی وڵاتیان تاوتوێ کردووە.
بەعیجی گوتی: پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەکەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە بڕی ۱۰۹ تریلیۆن دینار وەک یەدەگ لە گەنجینەی دەوڵەتدا هەیە، ئەمەش سەرباری بوونی زێڕی خاو و داهاتە بەردەوامەکانی دیکە.
راشیگەیاند: جەخت کرایەوە کە ئەم بڕە بەسە بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەران بۆ نزیکەی ۱۰ مانگ و هیچ مەترسییەک لەسەر دابەشکردنی مووچە نییە.
بەعیجی ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان لیژنەی دارایی، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیدا هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییە داراییەکان.

