zagros news agency

لێپێچنەوەی گەندەلی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانیش دەگرێتەوە

عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسی ڕەوتی عەشایەری نیشتمانی لە عێراق، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنی هۆشداری داوە لەوەی کە پرۆسەی لێپێچینەوە و دژایەتی گەندەڵی لە قۆناغێکی هەستیاردا بووە و ڕەنگە لە داهاتووی نزیکدا بەرپرسانی پلەبەرزیش بگرێتەوە.

جەزائیری لە قسەکانیدا بە تایبەتی باس لەوەی کرد کە پێکەنین و کۆبوونەوەی عەلی زەیدی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان نابێت بە مانای پاراستنی ئەوان لە لێپێچینەوە و دەستگیرکردن بگیرێت. بە وتەی ئەو، زۆرجار ئەو دیدارانە تەنها پڕۆتۆکۆڵی سیاسییەکانن و دوای ئەوەش کەسایەتییەکان دەتوانن ڕووبەڕووی پرۆسەی یاسایی ببنەوە.

ئەو جەختی کردەوە کە دانیشتن لەگەڵ بەرپرسان و گفتوگۆکردن لەسەر کابینەی حکومەت یان پۆستی سیاسی، نابێتە هۆی ئەوەی کەسێک لە بەدواداچوونی دادوەری دەرباز ببێت، ئەگەر دۆسیەی یاسایی لە دژی هەبێت.

لە هەمان کاتدا، جەزائیری ئاماژەی بەوە کرد کە «هێڵی سوور» بۆ لێپێچینەوەکان نەماوە و دەستگیرکردنەکان دەتوانن لە قۆناغی داهاتوودا بگەنە ئاستی بەرپرسانی پێشووی حکومەت. ئەو تەنانەت ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و بەرپرسانی باڵاتر لەگەڵ دۆسیەی دادوەری بە دوور نەزانی.

جەزائیری هەروەها لە بەشی دیکەی لێدوانەکانیدا باس لە ڕۆڵی ئەمریکا کرد و وتی واشنتۆن لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدادەوە، بە وردی چاودێری پرۆسەی سیاسی و دۆخی بەرپرسانی عێراق دەکات. بە وتەی ئەو، ئەمریکا زانیاری لەسەر بەرپرسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی و هەروەها سامانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق هەیە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە بابەتی دژایەتی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە بەرپرسان، بە یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی ناوخۆی عێراق دادەنرێت. ئەگەر ئەو هەنگاوانە بە شێوەیەکی فراوان بەردەوام بن، دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاو لە هاوکێشە سیاسییەکان و داهاتووی دەسەڵات لە عێراق دابنێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٦دا کەم بووه‌تەوه

سەڵاح

غه‌ززه‌… له‌ هێرشێكی ئیسرائیلدا زیاتر له‌ 100 كه‌س كوژران وبریندر بوون

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە

دڵشاد