ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا پاشەکشەیان کرد و ڕێڕەوی هەڵکشانی ڕۆژانی ڕابردوویان ڕاگرت، دوای ئەوەی برێنت تا نزیک ئاستی 90 دۆلار چوو بوو.
ئەم پاشەکشەیەی نرخەکان دوای ئەوە دێت کە بەشێک لە بازرگانان و وەبەرهێنەران ڕوویان لە فرۆشتنی گرێبەستەکان کرد بۆ دەستکەوتنی قازانجە کاتییەکان، هەروەها دەرچوونی هەندێک ئاماری نوێ لەبارەی زیادبوونی خستنەڕووی خاو بووە هۆی کەمبوونەوەی فشاری سەر بازاڕەکان.
لە گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت دابەزینێکی بەرچاوەی تۆمارکرد و نیشتەوە سەر 87.52 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (89.20 دۆلار) بە بڕی 1.68 دۆلار نزمبووەتەوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە ڕووی لە پاشەکشە کرد و گەیشتە 81.80 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دواین ئاماری تۆمارکراو (83.51 دۆلار) دابەزینێکی 1.71 دۆلاری نیشان دەدات.
ئەم بەرزبوونەوە و دابەزینەی نرخەکان پێشان دەدات کە لە سێبەری سەقامگیریی ناوچەکە و بەردەوامیی جووڵەی گواستنەوە لە تەنگەی هورمز، بازاڕی جیهانیی وزە زۆر هەستیارە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی خستنەڕوو و داواکاری و جووڵەی ڕۆژانەی بازرگانان.

