zagros news agency

بەیاننامەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەهێرشی درۆنی ئێران بۆ سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کوردستان

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە توندی ئیدانە و سەركۆنەی ئەو پەلامارە درۆنییە تێکدەرانەیە دەکات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (١٧ی ئابی ٢٠٢٦)، لە کاتژمێر (٠٠:٢٨)ی شەودا لە دیوی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاراستەی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر کرا.
ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، جەخت دەکەینەوە کە ئامانجگرتنی ناوبەناوی ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوازە، پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هاوکات پێشێلکردنی سەرجەم پێوەر و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی ئاسایشی ژیانی هاوڵاتیانە. ئەم جۆرە کردەوانە مەترسی جدی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی هەرێمەکەمان و گیانی هاوڵاتیان دروست دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی خۆشبەختانە ئەم هەوڵە تێکدەرانەیە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیان مافێکی بنەڕەتییە و ناکرێت بە هیچ پاساوێک خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی پەلامار و پەیامی سەربازی.

داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی ڕوون و جدییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییە بەردەوامانە، و کاربکرێت بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان١٧ی ئابی ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی پەروەردە پشووی قوتابخانەکانی راگەیاند

یاسین

بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٩ پلە باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند

سەڵاح

یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی بەشار ئەسەد بەڕێوەچوو

یاسین