وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاشکرای کرد کە نزیکەی ۲۰ هەزار کارمەند لە وەزارەتی کارەبا هیچ بڕوانامەیەکی خوێندنیان نییە، کە تێیدا پارێزگای بەغدا بە تۆمارکردنی ۵,۷۶۸ کارمەند بەرزترین ڕێژەی لەسەر ئاستی عێراق دێت.
عەبد عەبسان جوبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق، لە میانی یەکەمین کۆنفرانسدا لەژێر دروشمی “کاتی ئاوێتەبوونی وزە و زانست”، ڕایگەیاند وەزارەتەکەی لە ڕێگەی دەزگای جێبەجێکار بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکاندا بەردەوامە لە هاوکاریکردن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە هەبوونی ۲۰ هەزار کارمەندی بێ بڕوانامە دەرفەتێکی نوێیان بۆ دەکاتەوە تا بڕوانامە بەدەستبهێنن و درێژە بە پرۆسەی خوێندنیان بدەن.
وەزیری پەروەردە جەختی کردەوە: “ئێمە بڕوامان وایە ڕوونکردنەوەی مێشک و هزر پێش ڕوونکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی وڵاتان دەکەوێت”.
راشیگەیاند: هەردوو وەزارەتی پەروەردە و کارەبا کار دەکەن لەسەر کردنەوەی بنکە و مەڵبەندەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری لەناو دەزگا و فەرمانگەکانی کارەبادا.
ئاماژەی بەوەش دا: پرۆسەکە بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی خوێندەواری دەست پێدەکات، تا کارمەندەکان ڕاهێنانیان پێبکرێت و بڕوانامەی فەرمی بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن بەدەستبهێنن.
مزاحم سامەڕائی، بەڕێوەبەری دەزگای جێبەجێکار بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری، ڕایگەیاند کە زۆرێک لە کارمەندەکان بڕوانامەی خوار قۆناغی سەرەتاییان هەیە. بەرزترین ڕێژەی بێ بڕوانامە لە بەغدا تۆمارکراوە (۵,۷۶۸ کارمەند)، دوای ئەو پارێزگای بەسرە و دواتریش پارێزگاکانی تر دێن.
سامەڕائی گوتی: بەرنامەی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە سێ ئاست پێکهاتووە کە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لەخۆدەگرێت؛ دوای دیاریکردنی ئاستی هەر کارمەندێک، تاقیکردنەوەیان پێدەکرێت تا بڕوانامەی قۆناغی سەرەتاییان پێببەخشرێت.

