سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بەتووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و شوێنی مانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کرد و داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد ڕێکاری جدی بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە بگرێتە بەر.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری، ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا. ناوەڕۆکی پەيامەکەی جەختی لەوەش کردەوە کە پەرەسەندنی لەم جۆرە خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات و بە تەواوی دژی ئاشتی ناوچەکەیە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی بەدیهێنانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەیە.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری داوای لە حکومەتی بەغدا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەڵوێستی ڕوون و ڕێکاری کردارەکی بگرنە بەر بۆ بڕینەوەی دەستی ئاڕاستەکەرانی ئەم پەلامارانە و دانانی سنوورێکی یەکجاری بۆ دووبارەنەبوونەوەیان.

