وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد. ڕیاز ئەم پەلامارەی وەک پێشێلکارییەکی ڕاشکاو بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد.
حکوومەتی سعوودیە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لە ڕەتکردنەوەی تەواوی دوژمنکارییەکان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانجگرتنی دامەزراوە فەرمییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیری.
هاوکات پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتان و سەروەریی یاسا نێودەوڵەتییەکان دووپات کردووەتەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە لە ئاست ئەم جۆرە پێشێلکارییە ئاشکرایانەدا بێدەنگ نەبن.
ئەم هەڵوێستەی سعوودیە لە کاتێکدایە کە هێرشەکە کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە؛ لەو چوارچێوەیەدا هاوپەیمانان و وڵاتانی دۆست ئەم پەلامارە درۆنییە وەک هەوڵێکی مەترسیدار بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنن.

