لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و پاڵپشتیکردنی جووتیاران، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەستی کرد بە دابەشکردنی قڕکەر و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بەسەر جووتیارانی سنوورەکەدا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە پلانی بەردەوامی حکومەت بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. ئاماژە بەوەش دراوە کە ساڵانە چەندین جار و لە وەرزە جیاوازەکاندا، ئەم پێداویستی و دەرمانە کشتوکاڵیانە دابەش دەکرێن، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان و پاراستنی کوالێتی بەرهەمەکان.
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوەی سەرۆکی حکومەت، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیە چ لە ڕووی چەندایەتی و چ لە ڕووی چۆنیەتییەوە، تاوەکو جووتیارانی کوردستان بتوانن بەرهەمێکی تەندروست و پێشکەوتوو بخەنە بازاڕەکانەوە و ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، کەرتی کشتوکاڵی وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات ناساندووە و بەردەوام لە ڕێگەی دابینکردنی پێداویستییەکان و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیاران، پشتیوانی ئەم کەرتە دەکات.

