وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، 18-8-2026، تاوتوێی بەرهەمهێنان و پلانەکانی گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی داخستنی گەرووی هورمز.
نووسینگەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پێداچوونەوە بە پلانەکانی بەرهەمهێنان، گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن، نەسر عەزیز، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هونەریی بەرفراوانی کرد کە بەرپرسانی کۆمپانیا و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی لەخۆگرتبوو.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلانەکانی گەشەپێدانی کێڵگەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان کرا، جگە لە میکانیزمی هونەری و جێبەجێکردنەکان بۆ پەرەپێدانی دەروازەکانی هەناردەکردن و هەمەجۆرکردنیان، بە شێوەیەک کە نەرمیی سیستەمی هەناردەکردنی نەوت بەهێزتر بکات و بەردەوامییەکەی مسۆگەر بکات لە سایەی بارودۆخی ئێستا و ئاڵۆزییەکانی سەرچاوەگرتوو لە داخستنی گەرووی هورمز.
ئاماژە بەوەش دراوە کە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکانی نەوتی بەسڕە، نەوتی باکوور، نەوتی ناوەڕاست، کۆمپانیای هەڵکۆڵینی عێراقی و فەرمانگەکانی گرێبەست، مۆڵەتی پترۆلی، گەنجینە، لێکۆڵینەوە و پلان و بەدواداچوون لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون.
نەسر عەزیز، بریکاری وەزارەتی نەوت جەختی لە گرنگیی وەرگێڕانی ڕاسپاردەکانی سەرۆکوەزیران بۆ پلانی جێبەجێکراو کردەوە، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکارە هونەرییە پێویستەکان بۆ زامنی بەردەوامیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی داهاتی دارایی دەوڵەت.

