zagros news agency

سەرکەوتن بەسەر پەیژاندا بۆ سەلامەتیی دڵ زۆر بە سوودە

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانایانی زانکۆی ئیست ئەنگلیا و نەخۆشخانەی زانکۆی نۆرفۆلک و نۆریچ لە بەریتانیا دەریخست هەڵبژاردنی هەنگاوێکی سادەی وەک بەکارهێنانی پەیژە لە جیاتی بەرزکەرەوە دەتوانێت تەمەنی مرۆڤ درێژتر بکات. ئەم لێکۆڵینەوە بەرفراوانە ئاماژە بەوە دەکات ئەو کەسانەی بە بەردەوامی بە پەیژەدا سەردەکەون، کەمتر لەوانی تر لەبەردەم مەترسیی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێندان.
بە گوێرەی دەرەنجامەکان، مەترسیی مردن بە هۆکارەکانی پێوەندیدار بە دڵ لەو کەسانەی بە بەردەوامی پەیژە بەکاردەهێنن، بە ڕێژەی ٣٩ لەسەد و مەترسیی گیانلەدەستدان بە هەر هۆکارێکی تر بە ڕێژەی ٢٤ لەسەد بەرانبەر بەو کەسانەی کەمتر پەیژە بەکاردەهێنن، کەمترە. هەروەها سەرکەوتن بە پەیژەدا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دەبێتە هۆی دابەزینی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە توندەکانی دڵ، وەک جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و سستبوونی دڵ.
پڕۆفیسۆر ڤاسیلیۆس ڤاسیلیۆ لە کۆلێژی پزیشکیی نۆریچ لە زانکۆی ئیست ئەنگلیا لەم بارەیەوە گوتی: «نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانن لە سەرانسەری جیهاندا؛ بە جۆرێک لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠١٩ ئاماری تووشبوون پێیان نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە. بەڵام دەتوانرێت تا ئاستێکی زۆر لە ڕێگەی شێوازی ژیانی تەندروست، لەوانە چالاکیی جەستەییی بەردەوام، پارێزی خۆراکیی گونجاو بۆ دڵ، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان، پاراستنی کێشی گونجاو و کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن، چەوری و شەکری خوێن پێشگیری لەم نەخۆشییانە بکرێت.» ناوبراو هەروەها گوتی پەیژە سەرکەوتن ڕێگەیەکی کرداری و لەبیرکراوە بۆ زیادکردنی چالاکیی جەستەیی بۆ نێو ژیانی ڕۆژانە.
توێژەران بۆ تێگەیشتن لەوەی ئایا ئەم چالاکییە دەتوانێت مەترسییەکانی دڵ کەم بکاتەوە، دوای پشکنینی سەرەتایی نزیکەی ١٩٠٠ وتاری زانستی، داتاکانی زیاتر لە ٤٨٠ هەزار کەسیان لە ٩ لێکۆڵینەوەی کوالیتی بەرز دەرهێنا و شیکارییان بۆ کرد. بەشداربووان بە تێکڕا بۆ ماوەی ١٤ ساڵ لەژێر چاودێریدا بوون. ئەم کۆمەڵگەیەی لێکۆڵینەوەکە هەردوو دەستەی کەسانی تەندروست و کەسانی خاوەن پێشینەی نەخۆشییەکانی دڵی لەخۆگرتبوو، تەمەنیان لە نێوان ٣٥ تا ٨٤ ساڵ بوو و ٥٣ لەسەدی بەشداربووانیش ژنان پێکیانهێنابوو.
دکتۆر سۆفی پادۆک، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی زانکۆی نۆرفۆلک و توێژەر لە کۆلێژی پزیشکیی نۆریچ ڕوونی کردەوە: «بە پێچەوانەی چوونە هۆڵەکانی وەرزش یان ئەنجامدانی ڕاهێنانی قورس، پەیژە سەرکەوتن چالاکییەکە دەتوانرێت بە ئاسانی لە ماڵەوە، شوێنی کار یان لە دەرەوە بخرێتە نێو بەرنامەی ڕۆژانەوە. ئەمە بژاردەیەکی زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی کاتی تەواویان نییە یان دەستیان بە ئامێرە وەرزشییەکان ناگات.» ناوبراو پێداگریی لەسەر ئەوەش کرد تەنانەت ماوەیەکی کەم لە چالاکیی جەستەیی کاریگەریی ئەرێنی دادەنێت و سەردەکەوێت.

لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ڕۆژانە سەرکەوتن بە شەش نهۆم پەیژەدا دەتوانێت زۆرترین سوود بگەیەنێت. لە ڕوانگەی فیسیۆلۆجییەوە، پەیژە سەرکەوتن تێکەڵەیەکە لە وەرزشی هەوایی (کاردۆ) و وەرزشی خۆڕاگری. بەرزکردنەوەی کێشی لەش بەرانبەر بە هێزی کێشکردنی زەوی، ماسوولکەکانی قاچ و سمت دەخاتە کار، لێدانی دڵ و هەناسەدان خێراتر دەکات و پەستانی خوێن و شەکری خوێن ڕێکدەخات. پزیشکان پێشنیار دەکەن دەستپێکردنەکە لەسەرخۆ بێت؛ واتە سەرەتا بە یەک یان دوو نهۆم دەست پێبکرێت و بۆ هاتنەخوارەوە ئەگەر پێویست بوو بەرزکەرەوە بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پەستان نەکەوێتە سەر ئەژنۆکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا دەکات

دڵشاد

دواخستنی هێرشەکەی سەر ئێران لەلایەن ترمپەوە؛ سێ هۆکاری سەرەکی هەبووە

یاسین

ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگدانی لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی ئاگربەستی غەززە دواخست

سەڵاح