کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕ لە گەڕی دووەمی خولی پیشەگەرەکانی سعودیە و لە سەرکەوتنی یانەکەی بەرامبەر ڕیاز بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر، توانی گۆڵێک تۆمار بکات و ڕیکۆردێکی تری مێژوویی بۆ ناوی خۆی تۆمار بکات.
ڕۆناڵدۆ کە لە تایمی دووەمدا بەشداریی کرد، لە خولەکی 83 توانی گۆڵی چوارەمی یانەکەی تۆمار بکات بەم گۆڵەش بۆ 25یەمین وەرزی لەسەریەک لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا گۆڵی تۆمار کرد، کە زنجیرەکەی لە وەرزی 2002 بۆ 2003 لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە دەستیپێکردووە و لە خولەکانی ئینگلتەرا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و سعودیەش بەردەوام بووە.
بە تۆمارکردنی ئەم گۆڵە، ڕۆناڵدۆ توانی ڕیکۆردەکەی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ تێپەڕێنێت کە پێشتر لە 24 وەرزی لەسەریەکدا گۆڵی تۆمارکردبوو لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ گەیشتن بە لوتکەی ئەو ژمارە پێوانەییەیە، هێشتا پێویستە ژمارەکانی ئیروین هێلمشێنی ئەڵمانی و ڕۆکی سانتا کروزی پاراگوایە تێپەڕێنێت کە هەریەکەیان خاوەنی 28 وەرزی لەسەریەکی گۆڵکردنن.

