zagros news agency

بڵاوکردنەوەی ڕیکلام لە چات‌جی‌پی‌تی لە سەرانسەری ئەورووپادا دەستی پێ‌کرد

 

بڵاوکردنەوەی ڕیکلام لە نێو سیستمی «چات‌جی‌پی‌تی» لە ٣١ وڵاتی ئەورووپا دەستی پێ کرد. لەمەودوا ڕیکلامکاران دەتوانن لە ڕێگەی نوێوە بگەنە ئەو بەکارهێنەرانەی خەریکی لێکۆڵینەوە یان بڕیاردانن.
کۆمپانیای «ئۆپن ئەی ئای» (OpenAI) لە فراوانکردنی چالاکییە بازرگانییەکانیدا ڕایگەیاند، دەیان ملیۆن بەکارهێنەری ئەورووپا لەمەودوا لە کاتی گفتوگۆکانیاندا ڕیکلام دەبینن. ئۆپن ئەی ئای تاقیکردنەوەی ئەم پرۆسەیەی لە مانگی شوبات لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست پێ کرد و پاشان بۆ کەنەدا، ئوسترالیا، بەریتانیا، ژاپۆن و چەند وڵاتێکی دیکە گواستییەوە.
دەیڤ دوگان، جێگری بەشی ڕیکلامی کۆمپانیاکە گوتی: «ئەگەر بەکارهێنەرێک نەیەوێت ڕیکلام ببینێت، دەتوانێت بەشداریکردنی خۆی بۆ پلانی پڵەس یان پرۆ بگۆڕێت.» بۆ پاراستنی متمانەی بەکارهێنەران، کۆمپانیاکە بە هێڵێکی خۆڵەمێشی وەڵامەکانی چاتبۆتەکە لە بەشی ڕیکلامەکان جیا دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە مێژووی گفتوگۆکانی بەکارهێنەران ناخرێتە بەردەست ڕیکلامکاران.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦، ئۆپن ئەی ئای بە هۆی تێچووی زۆری بەڕێوەبردنی مۆدێلە گەورەکانی ژیریی دەستکرد، بڕیاری دا مۆدێلی داهاتی خۆی بگۆڕێت، بە تایبەت لەبەر ئەوەی پتر لە لەسەدا ٨٠ـی یەک ملیار بەکارهێنەری مانگانەی هێشتا وەشانی بێبەرانبەر بەکار دەهێنن. هاوکات بڵاوکردنەوەی ڕیکلام لە نێو چاتبۆتەکاندا نیگەرانیی چاودێرانی یاسایی یەکێتیی ئەورووپای لەبارەی ئەگەری دەستکاریکردنی هەڵسوکەوتی بەکارهێنەران لێ کەوتووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

كتێبی “ئافرەت لە شانۆی كوردیدا” بڵاوکرایەوە

ART

سەڵاح

وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان دیارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی سوێد ده‌كات

ART