بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی سیاسی و کارگێڕی، ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ساڵی یەکەمی پڕۆژەی (کۆڕێس – CO-RES) بۆ پەرەپێدانی کەرتی زەیتوون و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی ناوچە گوندنشینەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
پڕۆژەی (کۆڕێس) کە ئامانج لێی پەرەپێدانی بەردەوام و پێشخستنی زنجیرە بەهای زەیتی زەیتوونە لە هەرێم، لە لایەن پەیمانگەی (سیهام باری – CIHEAM Bari)ی ئیتاڵی و بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. تێچووی پڕۆژەکە لە لایەن ئاژانسی ئیتاڵی بۆ هاوکاریی گەشەپێدان (AICS) و هاوکاریی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیاوە دابین کراوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاس و پێزانینی حکومەتی هەرێمی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا، ئاژانسی (AICS) و پەیمانگای (سیهام باری) کرد. دزەیی دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ کرد بۆ سەرخستنی پڕۆژەی (پەرەپێدانی زنجیرە بەهای زەیتی زەیتونی کوردستان) کە دەورێکی باڵای لە پێشخستنی ئەم کەرتەدا هەبووە.
بەڕێز سەفین دزەیی جەختی لەوەش کردەوە کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەی هەموو جۆرە پاڵپشتی و ئاسانکارییەکە بۆ سەرخستنی ئەم جۆرە پڕۆژە ستراتیژییانە، چونکە “خزمەتێکی بەرچاو بە ئابووریی نیشتمانی و کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەگەیەنن.”
پڕۆژەی کۆڕێس یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان کە کار لەسەر بەهێزکردنی خۆڕاگریی کۆمەڵگە گوندنشینەکان دەکات لە ڕێگەی دابینکردنی تەکنەلۆژیای سەردەم و ڕاهێنانی جوتیاران لەسەر بنەماکانی گەشەپێدانی بەردەوام، بە مەبەستی گەیاندنی بەرهەمی زەیتوونی کوردستان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

