گردەلوولێکی بەهێز باشووری ڕۆژئاوای فەڕەنسی گرتەوە و بەهۆیەوە ٤١ کەس بریندار بوون و زیانێکی زۆریش بەر سەدان خانوو کەوتووە، ئەمەش وایکرد دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە باری نائاسایی ڕابگەیەنن.
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، گوندی “بۆماس” کە نزیکەی هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. گردەلوولەکە بووەتە هۆی زیانپێگەیشتنی ٣٠٠ خانوو کە سەربانی هەندێکیانی بە تەواوی هەڵکەندووە. لە نێوان بریندارەکاندا، ١٥ کەسیان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە، کە یەکێکیان ژنێکی دووگیانە و بەهۆی ڕووخانی خانووەکەی بەسەریدا بریندار بووە.
پەککەوتنی گواستنەوە و کارەبا بەهۆی توندی عەسەفەکە و بارینی تەرزە، دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا “حاڵەتی ئامادەباشی پرتەقاڵی”یان لە ناوچە بەرفراوانەکانی باشووری ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە. خێرایی با لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە ١١٧ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش بووەتە هۆی بڕانی کارەبای ٢٨٠٠ ماڵ لە ١٠ گوندی جیاوازدا.
لە لایەکی ترەوە، فیلیپ تابارۆ، وەزیری گواستنەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند کە گەردەلوولەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر جووڵەی گواستنەوە هەبووە؛ گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی بۆردۆ، مارسیلیا، نیس، تۆلۆز و تەنانەت پاریسیش دواکەوتوون یان هەڵوەشاونەتەوە، جگە لەوەی هێڵەکانی شەمەندەفەر و ڕێگا سەرەکییەکانیش تووشی ئاستەنگ بوونەتەوە.
هەڵوەشاندنەوەی چالاکییە وەرزشییەکان هەر بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بارینی تەرزەی بەخوڕ، بەرپرسانی ناوچەی “ئۆد” ناچار بوون قۆناغی سێیەمی پێشبڕکێی پاسکیلسواری جیهانی (فوێلتا ئیسپانیا) هەڵوەشێننەوە کە بڕیار بوو لەو ناوچەیە بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای ئەوەی پاسکیلسوارەکان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان پەنایان بۆ شوێنە سەرپۆشراوەکان برد.
لە ئێستادا زیاتر لە ١٢٠ کارمەندی فریاگوزاری و تیمی تایبەت لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان جێگیرکراون بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییان و لادانی پاشماوەکانی گەردەلوولەکە.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی (AFP)

