zagros news agency

یەکەمجار لە مێژوودا؛ لە پەکینی پایتەختی چین بەشی زمانی کوردی کرایەوە

 

هەولێر، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦ – وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی مێژوویی لە پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری میللی چین ڕاگەیاند، ئەویش کردنەوەی بەشی زمانی کوردییە لە زانکۆی “دیراساتی بێگانە” لە پەکینی پایتەخت.

پردێکی کلتوری و ئەکادیمی

ئەم پڕۆژەیە کە بە هاوکاریی زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر جێبەجێ کراوە، دەبێتە یەکەمین بەشی زمانی کوردی لە تەواوی وڵاتی چین. وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە وەک پردێکی گرنگی ئەکادیمی و کلتوری دەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

پلانی خوێندن و وەرگرتنی قوتابیان

بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)، تا ئێستا ١٢ خوێندکار لە بەشەکەدا ناویان تۆمار کردووە. بڕیاریشە ساڵانە لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ خوێندکاری چینی لەم بەشەدا وەربگیرێن.

سەبارەت بە پرۆگرامی خوێندن، وەزارەت ڕوونی کردەوە:

سێ ساڵی یەکەم: خوێندکاران فێری زاراوەی “سۆرانی” دەبن.

ساڵی چوارەم: خوێندکاران زاراوەی “کرمانجی” دەخوێنن، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی دەرچووان شارەزاییەکی تەواویان لە زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی هەبێت.

ئاڵوگۆڕی خوێندکاران

ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە دروستکردنی پەیوەندییەکی دوولایەنەیە. لە پاڵ ناردنی قوتابیانی کورد بۆ چین، پلانێک هەیە بۆ هێنانی ئەو خوێندکارە چینییانەی لە پەکین زمانی کوردی دەخوێنن بۆ هەرێمی کوردستان، تاوەکو لە ڕێگەی تێکەڵاوبوون لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمیی کوردیدا، ئاستی زمانەوانیی خۆیان بە شێوەیەکی کردەیی پەرە پێ بدەن.

گەشەسەندنی زمانی چینی لە کوردستان

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئێستا زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاری هەیە. تا ئێستا ئەو بەشە دوو خولی دەرچوونی هەبووە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا خولی سێیەمیش ئاهەنگی دەرچوون ئەنجام بدەن، ئەمەش هاوسەنگییەکی زانستی و کلتوری لە نێوان هەولێر و پەکین دروست دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی دارایی ڕێنوێنیی نوێی بۆ پێشینە و قەرزەكان دەر كرد

سەڵاح

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر بەشداریکردنی گشتگیر بۆ سەرجەم قوتابییانی پۆلەکانی کۆتایی

سەڵاح

پەیاما پیرۆزباھیا سەرۆک بارزانی بۆ جەژنا جەمایێ یا خوشک و برایێن ئێزدی

دڵشاد