پۆلیسی نیپاڵ لە نوێترین ئاماردا ڕایگەیاند، لافاوێکی وێرانکەر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نیپاڵ و تبت بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم ٢٧٠ کەس. ئەم کارەساتە کە دوێنێ ڕوویدا، ترسی لای بەرپرسان دروست کردووە بەهۆی بێسەروشوێنبوونی سەدان کەسی دیکە، کە لە نێویاندا زیاتر لە ٦٠٠ گەشتیار هەن.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی چین، هەرەسی خاک لە ناوچەیەکی سنووریی تبت زیانێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە؛ تا ئێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٦٥ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، بەمەش کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان لە هەردوولا گەیشتووەتە ٢٧٣ کەس. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ئاشکرای کردووە کە ٢٨٨ هاووڵاتییان لەو ناوچانە پەیوەندییان پچڕاوە و چارەنووسیان نادیارە.

دیمەنی ترسناک و هەوڵەکانی ڕزگارکردن
گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە لایەنی چینەوە، ساتەوەختی ڕاکردنی خەڵک نیشان دەدەن کاتێک لافاوێکی بەهێز و تێکەڵ بە قوڕ و لیتە و پاشماوەی داروپەردوو، باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی دادەپۆشێت و لۆری و پاسەکان ڕادەماڵێت.
پۆلیسی نیپاڵ ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ١٥٧ تەرمیان لە ناوچە جیاوازەکان دەرهێناوەتەوە. سوپای نیپاڵ بە بەکارهێنانی کۆپتەر بەردەوامە لە گەڕان بەدوای ڕزگاربوواندا، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی تبت ٨٠٠ کارمەندی فریاگوزاری و ١٥٠ ئامێری قورسیان بۆ ناوچەکە ناردووە.
دەستەی گەشتیاریی نیپاڵ ئاماژەی بەوە کردووە، لە نێو بێسەروشوێنەکاندا گەشتیاری وڵاتانی هیندستان، ئوسترالیا، بەریتانیا، مالیزیا، هۆڵەندا، پورتوگال، باشووری ئەفریقا، کۆریای باشوور و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەن.

هۆکاری کارەساتەکە و مەترسیی بەردەوام
شارەزایان پێیان وایە هۆکاری ئەم لافاوە کتوپڕە بۆ هەرەسێکی گەورەی بەرد و سەهۆڵ دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆی بەستنی ڕێڕەوی ڕووبارێک، دواتر بەهۆی پەستانی زۆرەوە ڕووبارەکە تەقیوەتەوە و لافاوێکی بەهێزی دروست کردووە. “ڕاجو بەهادێل”، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، بە گریانەوە دەڵێت: “خزمەکانم پەیوەندییان پێوە کردم، دەیانوت لافاوەکە ماڵەکەی بردین، سێ کەسیان ڕزگار بوون بەڵام برایەکیان هێشتا بێسەروشوێنە.”
“باڵێندرا شا”، سەرۆک وەزیرانی نیپاڵ، بەڵێنی دا هەموو تواناکانی دەوڵەت بۆ هاوکاری لێقەوماوان تەرخان بکات و ڕایگەیاند: “ئێوە بەتەنیا نین، دەوڵەت بە هەموو توانایەکیەوە لە پشتتانە.”

چیرۆکی ڕزگاربووان: “خێزانەکەم لەبەر چاومدا خنکان“
کالبانا مالا، یەکێک لە ڕزگاربووانی ناوچەی “نواکۆت”، بە خەمێکی قووڵەوە دەڵێت: “لافاوەکە باوکم، دایکم، خوشکەکەم و منداڵەکانی خوشکەمی برد، هیچ دەرفەتێک بۆ ڕاکردن نەبوو. تەنها من و کوڕەکەم توانیمان بچینە سەر سەربانی ماڵەکەمان و ڕزگارمان بێت.” کوڕەکەشی دەڵێت کە بە ڕاکێشانی دەستی دایکی توانیویەتی ژیانی بپارێزێت.
ئەم کارەساتە سروشتییە زیانێکی زۆریشی بە کەرتی وزە گەیاندووە، بە جۆرێک بەرهەمهێنانی ٤٣٠ مێگاوات کارەبا پەکیکەوتووە. وڵاتانی هیندستان و بەریتانیاش ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی هاوکاری مرۆیی بەپەلە بۆ نیپاڵ دەربڕیوە.
زانایان هۆشداری دەدەن کە گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی زیادبوونی ئەم جۆرە کارەساتە سروشتییە کوشندانە لە ناوچە شاخاوییەکانی هیمالایا و داوا دەکەن ڕێکاری پێشوەختە بۆ پاراستنی دانیشتووانی ناوچەکە بگیرێتەبەر.


