zagros news agency

یونیسێف: یەک ملیۆن منداڵی ئەفغانستانی بەهۆی بەدخۆراکیی توندەوە لە مەترسیی مەرگ دان

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستاندا بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن. ئەم ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە تەنگژەکە ڕوو لە زیادبوونە و وڵاتەکەی ڕووبەڕووی دۆخێکی جێی نیگەرانی کردووەتەوە.
سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند لە سەرانسەری ئەفغانستاندا ٣.٧ ملیۆن منداڵ تووشی دابەزینی توندی کێش بەهۆی بەدخۆراکیی سەختەوە بوون.
تاجەدین ئۆیوواڵە، نوێنەری یونیسێف لە ئەفغانستان گوتی لەم ژمارەیە «یەک ملیۆن منداڵ تووشی بەدخۆراکیی توند بوون گیانیان دەخاتە مەترسییەوە» بە گوتەی ناوبراو توندترین جۆری بەدخۆراکی هەژمار دەکرێت.
ناوبراو لە کابولەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ژنێڤ بەڕێوە چوو گوتی: «ئەگەر چارەسەر دابین نەکرێت و نەتوانین بە خێرایی هەنگاو بنێین، ئەم یەک ملیۆن منداڵە ڕووبەڕووی مەترسیی مەرگ دەبنەوە.»
ئەفغانستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی شەپۆلی بەرفراوانی برسییەتی بووەتەوە؛ تەنگژەیەک دوای ساڵانێکی زۆر شەڕی ناوخۆ و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی دیکە توندتر بووە.
دوای گەڕانەوەی حکوومەتی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و کشانەوەی هێزەکان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١دا، ئابووریی وڵاتەکەش ڕووبەڕووی داڕمان بووەوە.
ئۆیوواڵە زیادی کرد نزیکەی «٤٠ لەسەد»ی ئەو منداڵانەی بەهۆی بەدخۆراکیی توند و لێکەوتەکانیەوە لە نەخۆشخانەکاندا دەخەوێندرێن، کۆرپەی تەمەن ژێر شەش مانگن.
هاوکات، منداڵانی تەمەن ژێر دوو ساڵ زیاتر لە ٨٠ لەسەدی تووشبووانی بەدخۆراکیی توند لە ئەفغانستان پێک دەهێنن.
نوێنەری یونیسێف لە ئەفغانستان گوتی «بەدخۆراکی ڕۆڵی سەرەکی» لە زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵانی ساوا و چاوکدا هەیە.
ناوبراو دۆخی ئێستای بە «تەنگژەیەکی بەرەوخراپتربووی بەدخۆراکی» لە سەرانسەری ئەفغانستاندا ناو برد و گوتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵ بەهۆی لاوازیی توند، مامناوەند یان مەترسیدار لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکاندا خەوێندراون.
ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٥دا نزیکەی ٦ هەزار حاڵەت تۆمار کرابوو، بەڵام لە هەمان مانگی ئەمساڵدا لە ٨ هەزار حاڵەت تێپەڕیوە و نیشاندەری زیادبوونێک بە ڕێژەی زیاتر لە یەک لەسەر سێیە.
نوێنەری یونیسێف هۆشداریی دا: «لە هەندێک بەشی باشووری ئەفغانستاندا، لە بەرانبەر هەر تەختێکی بەتاڵدا سێ یان چوار منداڵی تووشبوو بە بەدخۆراکیی توند لە نەخۆشخانەکاندا هەن.»

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایینامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی ئێزدییه‌كان ده‌كات

سەڵاح

ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە

سەڵاح