پیاوێکی بەریتانیایی بووە یەکەمین نەخۆش لە جیهاندا نەشتەرگەریی مێشکی بە ڕێنوێنیی ڕاستەوخۆی زیرەکیی دەستکرد بۆ بکرێت و ئەم نەشتەرگەرییەی توانای بینینی بۆی هێشتەوە.
نەخۆشخانەکانی کۆلێژی زانکۆیی لەندەن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند پیاوێک لە بەریتانیایا یەکەمین نەخۆشە نەشتەرگەریی ڕاستەوخۆی مێشکی بە هاوکاریی زیرەکیی دەستکرد بۆ کراوە؛ نەشتەرگەرییەک لە کاتی دەرهێنانی گرێی مێشکدا بینینی پاراستووە.
ڕیس هیبێرت، پیاوێکی ٤٨ ساڵەی خەڵکی بەدفۆردشێر، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا کاتێک لە کاتی پیاسەکردندا لەهۆش خۆی چوو و تووشی گەشکە بوو، گرێی مێشکی بۆ دەستنیشان کرا.
بە خراپتربوونی نیشانەکان، هیبێرت بڕیاری نەشتەرگەریی دا و بە خۆبەخشانە لەم توێژینەوەیەدا بەشداریی کرد.
ناوبراو گوتی: «ئەگەر نەخۆشەکان ئامادە نەبن بەشداری لە توێژینەوەدا بکەن، پزیشکان چۆن دەتوانن فێری شتێک ببن و زانستی پزیشکی چۆن دەتوانێت پێش بکەوێت؟»
هیبێرت زیادی کرد: «کاتێک لێیان پرسیم ئایا ئامادەم ببمە یەکەم نەخۆش لە جیهاندا ئەم تەکنەلۆژیایە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەسەرم بەکار بهێنرێت… گوتم بەڵێ، بێگومان.»
بە گوتەی پزیشکەکانی هیبێرت، گرێکە بەردەوام هەڕەشەی لە بینینی دەکرد و لە کۆتاییدا دەکرا ببێتە هۆی کوێربوونی. نەشتەرگەرییەکە گرێکەی بە سەرکەوتوویی دەرهێنا و بینینی پاراست.
هیبێرت گوتی: «کاتێک دوای نەشتەرگەرییەکە هۆشم هاتەوە، بینینم بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر ببوو؛ دەمتوانی هەموو شتێک لە ژوورەکەدا بە ڕوونی ببینم.»
ئەم نەشتەرگەرییە لە نەخۆشخانەی نیشتمانیی نەخۆشییەکانی دەمار و نەشتەرگەریی دەماری مێشک (NHNN)، سەر بە نەخۆشخانەکانی کۆلێژی زانکۆیی لەندەن (UCLH)، لە چوارچێوەی تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیدا ئەنجام درا تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکردی پەرەپێدراوی خودی زانکۆی کۆلێژی لەندەنی تێدا بەکار دەهات؛ ئەو تەکنەلۆژیایەی پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوە لە بواری تەندروستی و چاودێری (NIHR) بودجەکەی دابین کردووە.
بە گوتەی UCLH، لە ماوەی نەشتەرگەرییەکەدا سیستەمی زیرەکیی دەستکرد لە جیاتی پشتپێبەستن بە پشکنینەکانی پێش نەشتەرگەری، ڤیدیۆی ڕاستەوخۆی نەشتەرگەرییەکەی بە شێوەی دەستبەجێ شیکاری کرد و بە دیاریکردنی پێکهاتە گرنگەکان لە بنکەی مێشکدا یارمەتیی تیمی نەشتەرگەریی دا بۆ بڕیاردانی وردتر.
لەو بەشەی مێشکدا، ڕژێنی ژێر مێشک (هیپۆفیز) بە قەبارەی ساچمەیەک لە تەنیشت موولوولەکانی خوێن و ئەو دەمارانە هەڵکەوتووە بینین کۆنتڕۆڵ دەکەن. سنووری هەڵە تەنانەت بە ئەندازەی یەک میلیمەتر دەکرێت یەکلاکەرەوە بێت و ببێتە هۆی مردن، کوێربوون یان جەڵتەی مێشک.
پزیشکان ڕوونیان کردەوە زیرەکیی دەستکرد بە دەستنیشانکردنی ناوچە پڕمەترسییەکان یارمەتیی تیمی نەشتەرگەریی دا تاوەکو بە شێوەیەکی پارێزراو زۆرترین بەشی گرێکە دەربهێنن.
ئەم تەکنەلۆژیایە هەروەها توانای شوێنپێهەڵگرتنی ئامرازەکانی نەشتەرگەری و کارلێکی نێوان ئامراز و شانەکانیشی هەیە تاوەکو لە نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکاندا پشتیوانی لە پزیشکان بکات.
جەیمز فریس، وەزیری داهێنان لە بواری تەندروستیی بەریتانیاییا گوتی: «ئەمە نموونەیەکە لە زیرەکیی دەستکرد لە باشترین دۆخیدا؛ نەخۆشەکان بە هۆی نوێترین تەکنەلۆژیاکانەوە، چاودێرییەک وەردەگرن پێشتر پێشبینینەکراو بوو.»
فریس هەروەکا گوتی: زیرەکیی دەستکرد پێویستی بە ڕێوشوێنی پاراستنی گونجاو هەیە و حکوومەت هەمیشە دڵنیا دەبێتەوە پرسی سەلامەتی بە هەند وەردەگیرێت.

