ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، کۆبوونەوەیەکی باڵا لەنێوان بەرپرسانی دەروازەکە و شاندێکی حکومەتی ئێران بۆ چارەسەرکردنی گرفتی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە گەشتیارییەکان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئێران کرد کە پێکهاتبوون لە خاتوو “حۆریوەش عەسکەری” بەڕێوەبەری دەرچواندنی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی ئۆتۆمبێل و “مەهدی عەلەمدار” بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و گەشەپێدانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران و شاندێکی یاوەریان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی دەروازەی حاجی ئۆمەران، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لە ماوەی ڕابردوودا دەهاتنە بەردەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی گەشتکردنیان بۆ وڵاتی ئێران بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دوای گفتوگۆیەکی چڕ و ورد، توانرا رێکار و میکانیزمێکی گونجاو بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ و ڕێگەپێدانی ئۆتۆمبێلە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو خاکی ئێران دابنرێت.”
ئیدارەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئێستادا رێکارەکان پەسەند کراون و لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا و دوای تەواوبوونی هەنگاوە کارگێڕییەکان، گرفتەکە بە یەکجاری چارەسەر دەبێت. بەمەش هاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی ئێران بکەن، و بڕیارە کاتی دەستپێکردنی پڕۆسەکەش بە فەرمی بە هاوڵاتیان ڕابگەیەنرێت.

