بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی مانگانەی چالاکی بوومەلەرزەی بۆ مانگی ئابی ٢٠٢٦ بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی ئەو مانگەدا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان چەندین چالاکی جیاوازی بوومەلەرزە تۆمارکراون.
ئامارە ناوخۆییەکان:
لە نێوان ڕێکەوتی ١/٨/٢٠٢٦ تاوەکو ٣١/٨/٢٠٢٦، کۆی گشتی ٣٧ بوومەلەرزە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. پارێزگای سلێمانی پشکی شێری بەرکەوتووە بە تۆمارکردنی ٣٥ بوومەلەرزە، لە کاتێکدا لە هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک تەنها یەک بوومەلەرزە تۆمارکراوە و لە پارێزگای هەڵەبجەش هیچ چالاکییەک تۆمار نەکراوە.
بەهێزترین بوومەلەرزە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بووە، کە لە ڕێکەوتی ٢٩/٨/٢٠٢٦ لە نزیک قەزای کەلار بە گووڕی ٤.٣ پلە بەپێی پێوەری ڕێختەر و لە قووڵایی ٣ کیلۆمەتر ڕوویداوە.
چالاکی لە ناوچە دەرەکییەکان:
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ناوچە دابڕێنراوەکان و وڵاتانی دراوسێش چەندین بوومەلەرزە تۆمارکراون؛ لەوانە ١٥ بوومەلەرزە لە پارێزگای کەرکووک و ٣ بوومەلەرزە لە ناوچەی خانەقین. بەهێزترین بوومەلەرزە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێم تۆمارکراوە، لە خاکی سووریا (دیر الزور) بووە لە ڕێکەوتی ١٣/٨/٢٠٢٦ بە گووڕی ٤.٧ پلەی ڕێختەر.
پۆلێنکردنی گووڕی بوومەلەرزەکان:
لە ڕووی بەهێزییەوە، زۆربەی بوومەلەرزە تۆمارکراوەکان گووڕێکی کەمیان هەبووە، بە جۆرێک کە:
- ١٦بوومەلەرزە لە نێوان (١-٢) پلەدا بوون.
- ١١ بوومەلەرزە کەمتر لە (١) پلە بوون.
- تەنها یەک بوومەلەرزە گووڕەکەی گەیشتووەتە سەروو ٤ پلە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی جەختی کردووەتەوە کە لە ڕێگەی ٨ وێستگەی جێگیر و تۆڕی (KSIRS) لە سلێمانی، بە بەردەوامی چاودێری وردی هەموو چالاکییە زەویناسییەکان دەکەن بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان و دابینکردنی زانیاری دروست.





