لەگەڵ گەڕانەوەی شەڕ و پێکدادانی سەربازی لەنێوان ئێران و ئەمریکا، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، یێسرائیل کاتس، ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بە شێوەیەکی بەهێز و گەورە وەڵامی هەر هێرشێکی ئەگەری ئێران بداتەوە.
کاتس ئەمڕۆ، چوارشەممە، لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشێکی ئێران لە ماوەی جەژنە یەهودییەکانی داهاتوو ئامادە دەکات و جەختی کردەوە کە هەر هێرشێک بە «وەڵامێکی بەهێز» ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
ئەو هەروەها وتی ئیسرائیل لە ئێستادا ڕێگە دەدات ئەمریکا ڕێبەرایەتی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بکات، بەهۆی بەرژەوەندییەکانی واشنگتن پەیوەندیدار بە تەنگەی هورموز و ئاسایشی وزە. بەڵام هۆشداری دا کە ئیسرائیل دەتوانێت ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ئەم پێکدادانە.
کاتس گوتی: «ئەگەر هێرشیان کردە سەرمان، بە شێوەیەکی زۆر بەهێز و سەربەخۆ لە هەر لایەنێکی دیکە وەڵامیان دەدەینەوە.
کاتس: پرۆگرامی ناوکیی ئێرانمان تێکداوە
وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی «شێری » پرۆگرامی ناوکیی ئێرانی تێکداوە و وتی تەل ئەبیب بە وردی چاودێری هەر هەوڵێک دەکات بۆ بنیاتنانەوەی ئەو پرۆگرامە.
کاتس دووپاتی کردەوە کە ئیسرائیل «ڕێگە بە تاران نادات چەکی ناوکی بەدەستبهێنێت».
هێرشەکانی ئەمریکا و وەڵامی ئێران
ئەم هۆشدارییەی کاتس لە کاتێکدایە کە پێکدادانەکان لەنێوان تاران و واشنگتن جارێکی دیکە توند بوونەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، هێزە ئەمریکییەکان نزیکەی ١٠٠ شوێنی ئێرانییان کردووەتە ئامانج، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە هێزەکانی پاسدارانەوە هەبوو. لە ئامانجەکاندا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار، دامەزراوە دەریاییەکان، تواناکانی دانانی مین و شوێنەکانی پەیوەندیی پاسداران هەبوون.
لە بەرامبەردا، ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک وەڵامی داوەتەوە، کە بەشێکی زۆریان لەلایەن هێزە بەرگرییەکانەوە لە ئاسماندا گرتراون. هەندێک لەو هێرشانە ئاراستەی کوێت، بەحرەین، ئوردن و عێراق کراون.
لە لایەکی دیکەشەوە، سەرچاوە ئەمریکییەکان چەند مانگێک پێش ئێستا ئاشکرایان کردبوو کە بەڕێوەبەرایەتی ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە کە لە هەر هەنگاوێکی هەڵگیرساندنەوەی پێکدادان یان هێرشکردنە سەر ئێران خۆی بپارێزێت، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا یادداشتێکی تێگەیشتن لەنێوان ئێران و ئەمریکا واژۆ کرا.
بەڵام ئەو تێگەیشتنە زوو تووشی کێشە بوو، بە تایبەتی لەسەر بابەتی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورموز، و دواتر ناکۆکییەکان نێوان دوو لایەنەکە توندتر بوونەوە.

