توێژەرانی زانکۆی فلیندەرز (Flinders University) لە ڕێگەی بەدواداچوونێکدا بۆ نزیکەی ۱۰ هەزار ژنی بەساڵاچوو لە ماوەی ۱۰ ساڵدا، دۆزیویانەتەوە کە خوارنەوەی چا بە شێوەیەکی ئاسایی پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی تراکمی ئێسکی حەوزەوە هەیە. لە بەرامبەردا، خوارنەوەی مامناوەندی قاوە (۲ تا ۳ پیاڵە لە ڕۆژێکدا) هیچ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئێسکەکان نییە، بەڵام خواردنەوەی زیاتر لە ٥ پیاڵە قاوە لە ڕۆژێکدا پەیوەندی بە کەمبوونەوەی تراکمی ئێسکەوە هەیە.
ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری زانستیی Nutrients بڵاوکراوەتەوە و پشتی بە داتاکانی «توێژینەوەی شکان بەهۆی پووکانەوەی ئێسک» بەستووە.
توێژەران بەدواداچوونیان بۆ ۱۰ هەزار ژنی تەمەن ٦٥ ساڵ و سەرووتر کردووە تاوەکو کاریگەریی چا و قاوە لەسەر تراکمی کانزایی ئێسک (BMD) بپێون، کە نیشاندەرێکی سەرەکییە بۆ خەمڵاندنی مەترسیی پووکانەوە و شکانی ئێسک لە ناوچەی حەوز و ملی ئێسکی ڕان.
دەستکەوتە سەرەکییەکان دەربارەی چا و قاوە:
سوودەکانی چا: ئەو ژنانەی بەردەوام چایان دەخواردەوە، تراکمی ئێسکی زیاتریان لە ناوچەی حەوزدا هەبوو بە بەراورد بەوانەی چایان نەدەخواردەوە. ئەنوو لیو، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی فلیندەرز، ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت بەرزبوونەوەیەکی کەمی چڕیی ئێسکیش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی شکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە.
کاریگەرییەکانی قاوە: خواردنەوەی ۲ تا ۳ پیاڵە قاوە زیانی بۆ ئێسک نییە، بەڵام زیاتر لە ٥ پیاڵە لە ڕۆژێکدا چریی ئێسک کەمدەکاتەوە.
فاکتەرە یاریدەدەرەکان: زیانی قاوە لەسەر ئێسک لەو ژنانەدا توندتر بوو کە کحولیان دەخواردەوە. لە بەرامبەردا سوودەکانی چا لەو ژنانەدا ڕوونتر دیار بوو کە کێشیان زیادە (قەڵەون).
شیکردنەوەی زانستیی ئاوێتەکان:
کاتیچین لە چادا: ڕیان یان لیو، هاونووسەری توێژینەوەکە، ڕوونیکردەوە کە ئاوێتەی «کاتیکین» (Catechins) کە لە چادا بە بڕێکی زۆر هەیە، یارمەتی پرۆسەی دروستبوونی ئێسک دەدات و هەڵوەشاندنەوەی شانەکانی ئێسک کەمدەکاتەوە.
کافاین لە قاوەدا: کافاین دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی هەڵمژینی کالسێۆم و میتابۆلیزمی ئێسک، بەڵام ئەم کاریگەرییە سنوردارە و بە تێکەڵکردنی شیر لەگەڵ قاوەکەدا دەکرێت تا ڕادەیەک کەم بێتەوە.
ئامۆژگاریی توێژەران:
توێژەران جەخت دەکەنەوە کە جیاوازییە دۆزراوەکان کەمێک سنوردارن و پێویست ناکات بە تەواوی دەستبەرداری قاوە ببن یان زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی چادا بوبکەن، بەڵکو خواردنەوەی مامناوەندی چا یارمەتیدەرێکی سادەیە بۆ تەندروستیی ئێسک لە تەمەنی بەساڵاچووندا.

