zagros news agency

فیلمێکی کوردی نوێنەرایەتیی عێراق لە ئۆسکار دەکات

کۆمیسیۆنی نیشتمانیی عێراقی بۆ هەڵبژاردنی فیلمی نوێنەری عێراق لە خەڵاتەکانی ئۆسکار، کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و فەرمانگەی سینەما و شانۆوە ڕاسپێردراوە، بە کۆدەنگی ئەندامانی بڕیاریدا بە هەڵبژاردنی فیلمی سینەمایی “بەهەشت نییە ئەگەر ئافرەتێک بتکوژێت” لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفا، بۆ ئەوەی بە فەرمی نوێنەرایەتی عێراق بکات لە 97ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا بۆ کێبڕکێکردن لەسەر خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی.

 

چیرۆکی فیلمەکە و ڕەنگدانەوەی شەڕ

 

ماوەی فیلمەکە 110 خولەکە و لە پاڵەوانێتی هەردوو ئەکتەر ئاڤان جەمال و ئەکتەری نەرویجی سۆربۆرن هارە. ڕووداوەکانی لەبارەی کارەکتەری ڤیان دەخولێنەوە کە نیشانەشکێنێکی کورد و لە شەڕی داعش ڕزگاری بووە، بەڵام دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری لەسەر ئەگەری زیندوومانەوەی خوشکە بچووکەکەی کە لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ لە ساڵی 2014ـدا بێسەروشوێن ببوو، بڕیاری گەڕانەوە بۆ ناو شارەکە دەدات. گەشتەکەی ڤیان لە بەدواداگەڕانێکی سادەوە دەگۆڕێت بۆ ئەرکێکی ڕزگارکردنی مەترسیدار و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ لەگەڵ پاشماوە و شوێنەوارەکانی جەنگدا.

 

دەرهێنەر هەڵکەوت مستەفا ڕایگەیاندووە، بیرۆکەی فیلمەکەی لە چیرۆکی ڕاستەقینەی نیشانەشکێنێکی ئافرەت لە هێزەکانی پێشمەرگە وەرگرتووە کە لە ساڵی 2014ـدا لە هێڵەکانی پێشەوەی بەرگری چاوی پێیکەوتووە. بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعییەتی ڕووداوەکان، دەرهێنەر بڕیاریداوە دیمەنەکانی فیلمەکە لەناو کەلاوە ڕاستەقینەکانی شاری مووسڵدا وێنە بگرێت.

 

یەکەم نمایشی نێودەوڵەتی لە فێستیڤاڵی ڤینیس

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 83یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیس کە لە 2 تا 12ـی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەدەچێت، یەکەم نمایشی جیهانیی فیلمەکە لە بەشی “فیلمەکانی نیوەشەو” لە دەرەوەی پێشبڕکێی فەرمی بەڕێوەدەچێت. کێرستی مو، سەرۆکی جێبەجێکاری پەیمانگەی فیلمی نەرویجی (NFI)، ئاماژەی بەوەدا، هەڵبژاردنی فیلمەکە لە فێستیڤاڵی ڤینیس دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی گرنگە بۆ ئاستی سینەمایی بەرهەمەکە.

 

کاری نووسین و دەرهێنانی فیلمەکە لەلایەن هەڵکەوت مستەفاوە کراوە و بەرهەمهێنانی لەلایەن جانی هێڵتنس، جۆن ئێم. جاکۆبسن، شاد ئیسماعیل، فریدریك زاندەر و مەسعود ئامروڵڵا ئەلعەلی ئەنجام دراوە لە ڕێگەی کۆمپانیای هەنێ، بە هاوکاری کۆمپانیای لامیدیا لە هەرێمی کوردستان و “The Chimney Pot” لە سوێد.

 

فیلمەکە بەرەو ئۆسکار

 

دیاریکردنی فیلمەکە لەلایەن عێراقەوە هەنگاوی یەکەمە لە پرۆسەی بژارکردنی ئۆسکار. لە قۆناغی داهاتوودا، ئەکادیمیای ئۆسکار لیستێکی سەرەتایی لە نێوان تەواوی فیلمە بەربژێرکراوەکانی وڵاتانی جیهان ڕادەگەیەنێت، پاشان 5 فیلمی کۆتایی بۆ کێبڕکێی وەرگرتنی خەڵاتەکە ڕادەگەیەنرێن.

 

ئەمە دووەم جارە فیلمێکی هەڵکەوت مستەفا بۆ نوێنەرایەتیکردنی عێراق هەڵبژێردرێت، پێشتریش فیلمێکی دیکەی بەناوی “کلاسیکۆ” هەڵبژێردرا بوو. هەروەها ئەم دەرهێنەرە بە بەڵگەفیلمی “شاردنەوەی سەدام حوسێن” دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدەستهێنابوو.

 

مەرجەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار و زانیاری لەسەر فیلمەکە

ئەکادیمیای هونەر و زانستەکانی وێنەی جوڵاوکە بە ئۆسکار ناسراوە، کۆمەڵێک یاسا و مەرجی ڕوون و توندی هەیە بۆ وەرگرتنی فیلمەکان لە بەشی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی: دەبێت زیاتر لە 50٪ـی دیالۆگ و ئاخاوتنی ناو فیلمەکە بە زمانێک بێت کە ئینگلیزی نەبێت. دەبێت وڵاتی نێرەر بسەلمێنێت کە زۆرینەی تیمی فیلمەکە (دەرهێنەر، نووسەر و کارەکتەرە سەرەکییەکان) هاووڵاتی یان نیشتەجێی ئەو وڵاتە بن. دەبێت فیلمەکە لە سینەماکانی وڵاتی خۆیدا لانیکەم بۆ ماوەی 7 ڕۆژی لەدوای یەک نمایشکرابێت پێش رێکەوتێکی دیاریکراو کە ئەکادیمیا ساڵانە دیاری دەکات. هەر وڵاتێک تەنیا مافی ناردنی یەک فیلمی هەیە لە ساڵێکدا لە ڕێگەی لیژنەیەکی فەرمی و دانپێدانراوەوە.

 

قۆناغەکانی کێبڕکێ لە ئۆسکار

 

دوای ئەوەی وڵاتان فیلمەکانیان دەستنیشان دەکەن و ڕەوانەی ئەکادیمیای دەکەن، سەرەتا لە 80 بۆ 90 ف یلمی نێردراو، لیستێکی کورت ئامادە دەکرێت و تەنیا 15 فیلم هەڵدەبژێردرێن، دواتر لیستەکە دەکرێت پێنج فیلم و ئەو پێنج فیلمە لە رێوڕسمی کۆتایی ئۆسکار کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی دەکەن.

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەکتەری کەنەدی سکۆت هايلاندز کۆچی دوایی کرد

ART

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری

یاسین

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی مرۆیی لە لازقیە و قەرداحە دابەش دەکات

یاسین