پەیامنێری کەناڵی «العربیە» ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییەکانی بەرەی کەناراوەکانی ڕۆژئاوادا، کۆنترۆڵی شاری حەیسیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حودەیدە گرتووەتە دەست.
شارۆچکەی حەیس بە هۆی شوێنە ستراتیژییەکەیەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی حودەیدە، گرنگییەکی بەرچاوی لە بەرەی کەناراوەکانی ڕۆژئاوادا هەیە، چونکە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکیی نێوان حودەیدە و تەعیز.
حەیس لە نێوان سێ پارێزگای حودەیدە، تەعیز و ئیب هەڵکەوتووە و تۆڕێکی بەربڵاوی ڕێگاوبانەکان بە ناوچە جیاوازەکانی دەبەستێتەوە؛ ئەمەش وای کردووە ببێتە خاڵێکی گرنگی جووڵە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا. لە ڕۆژئاواوە بە شاری خوخە لە کەناری دەریای سوور دەبەسترێتەوە؛ لە باشووریشەوە بە چەند ناوچەیەکی تەعیز، لەوانە «ئەلبەرح» و «مەقبەنە» دەگات. لە باکوورەوە بە ڕێگای ئەلجەڕاحی بەرەو زەبید و بەیتولفەقیە و دەروازەی ڕۆژهەڵاتی حودەیدە درێژ دەبێتەوە؛ لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بەرەو ناوچەی جەبەل ڕەئس و پارێزگای ئیب دەڕوات.
لە کاتی کۆنترۆڵکردنەوەی حەیسەوە، هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە سێ میحوەری سەرەکییەوە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەڕێوە دەبەن:
– میحوەری باکوور: بەرەو ناوچەی ئەلجەڕاحی؛ هێزە یەمەنییەکان دەڵێن پێشڕەوییان کردووە و ناوچەی بەغیل و بەرزاییەکانی دەباسی زاڵ بەسەر شارەکەدا کۆنترۆڵ کردووە و ژمارەیەک لە چەکدارانی حووسی کوژراون و بریندار و دیل کراون.
– میحوەری ڕۆژهەڵات: بەرەو جەبەل ڕەئس و ڕێگای ئەلعەدین؛ هێزەکان ناوچەکانی دەوروبەری حەیسیان کۆنترۆڵ کردووە و بەرەو سەقەم پێشڕەوییان کردووە و پێکدادانەکان تێیدا بەردەوامن.
– میحوەری باشوور: بەرەو ئەلبەرح و مەقبەنە؛ هێزە هاوبەشەکانی یەمەن هێرشی چڕیان بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان لە سەقەم، کێوەکانی ئەلبەراشە، دارولقەعمووس، ڕەمادی، قەعیتیە و مەعابن ئەنجام داوە.
بەرزاییەکانی مەقبەنە گرنگییەکی سەربازیی تایبەتیان هەیە، چونکە هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەڵێن حووسییەکان ئەو بەرزاییانەیان بۆ هاویشتنی مووشەک و درۆن بەرەو موخا و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا بەکار دەهێنا.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی کەمپی ئاوارەکان لە حودەیدە ڕایگەیاند، بە هۆی هێرشەکانی حووسییەکانەوە دەیان خێزان ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان بوون و پرۆسەی ئاوارەبوون بەردەوامە؛ بە جۆرێک نزیکەی ٤٥٠ خێزان پەنایان بۆ هەردوو ناوچەی حەیس و خوخە بردووە و لە بارودۆخێکی مرۆییی سەختدا دەژین.
هەواڵی داهاتوو

