توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە خواردنی ژەمەکان لە کاتی ناڕێکدا لە ڕۆژانی پشووی کۆتایی هەفتەدا، بەراورد بە ڕۆژانی کارکردن، دەکرێت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد بکات.
چەمکی «جێتلەگی خۆراکی» و ئامارەکان:
ئەم ناڕێکییە لە کاتی نانخواردندا لەلایەن توێژەرانەوە بە «جێتلەگی خۆراکی» (Dietary Jet Lag) ناوبراوە؛ دیاردەیەک کە لە ئەنجامی گۆڕینی کاتی ژەمەکان لە نێوان ڕۆژانی کار و کۆتایی هەفتەدا ڕوودەدات و کاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە تێکدەدات.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری Communications Medicine بڵاوکراوەتەوە و چاودێریی کاتی یەکەم و کۆتا ژەمی زیاتر لە ۱۰۰ هەزار بەشداربووی لە ماوەی ۱۴ ساڵدا (ساڵانی ۲۰۰۹ تا ۲۰۲۳) کردووە.
بەپێی ئەنجامەکان، هەر یەک کاتژمێر «جێتلەگی خۆراکی»، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە پیاواندا بە ڕێژەی ۱۴٪ و مەترسیی نەخۆشیی شەمشیریی دڵ (Coronary Artery Disease) بە ڕێژەی ۲۱٪ زیاد دەکات.
جیاوازیی کاریگەری لە نێوان پیاوان و ژناندا:
بەپێی توێژینەوەکە، ئەم ئەنجامە تەنها لە نێو پیاواندا بەدی کراوە و وا دەرنەکەوتووە ژنان بەهۆی گۆڕینی کاتی ژەمەکانەوە هەمان کاریگەرییان لەسەر دروست ببێت.
توێژەران هۆکاری ئەم جیاوازییە بۆ بەرزتربوونی مەترسیی گشتیی نەخۆشییەکانی دڵ لە پیاواندا دەگەڕێننەوە، جگە لەوەی ژنان زیاتر بەرەو جۆری “بەربەیانی” ئاراستەیان هەیە و ئەمەش بەهۆی جیاوازیی هۆرمۆنی و ئەناتۆمییەوە دەپاریزرێن.
میکانیزمی بیۆلۆجی و کاتژمێری ناوەکیی جەستە:
هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردەیە تێکچوونی ڕیتمی شەوانەڕۆیی (Circadian Rhythms) جەستەیە؛ هەرچەندە ڕووناکی هۆکاری سەرەکیی ڕێکخستنی کاتژمێری جەستەیە، بەڵام کاتی نانخواردنیش ڕۆڵی هەماهەنگکەری کاتژمێرە ناوەکییەکانی وەک جگەر و دڵ دەگێڕێت.
توێژەران جەختیان کردەوە کە ڕێکخستنی کاتی ژەمەکان، جیا لە جۆری ڕژێمی خۆراکی و خەو، فاکتەرێکی سەربەخۆ و گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

