توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە کە قەڵەوی ڕەنگە تەنها پەیوەندی بە خۆراک و کالۆرییەوە نەبێت، بەڵکو دەکرێت بەهۆی تێکچوونی خشتەی کاتیی (مۆڵگەی ڕۆژانەی) هۆرمۆنەکانی سترێسیشەوە دروستبێت لە جەستەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی جیاوازی لە شێوازی مامەڵەکردنی جەستە لەگەڵ چەوری و ئەنسۆلیندا بەپێی ئەو هۆکارەی کە لە پشت زیادبوونی کێشەوەیە.
توێژەران لە کۆلێژی پزیشکی “ویل کۆرنێل” تاقیکردنەوەیان لەسەر مشک ئەنجامدا، و تێیدا بەراوردیان کرد لە نێوان کاریگەری سیستمی خۆراکیی دەوڵەمەند بە چەوری لەگەڵ کاریگەری تێکچوونی خشتەی کاتیی هۆرمۆنەکانی گلوکۆکۆرتیکۆید (Glucocorticoid)، کە ئەوانە هۆرمۆنن یارمەتی جەستە دەدەن بۆ ڕێکخستنی وەڵامدانەوە بۆ سترێس، لەگەڵ ڕۆڵیان لە چەندین پرۆسەی میتابۆلیکدا.
ئەنجامەکان دەریانخست کە ئەو مشکانەی تووشی تێکچوونی خشتەی هۆرمۆنی بوون قەڵەو بوون هەرچەندە خۆراکی دەوڵەمەند بە چەورییان نەخواردبوو، بەڵام شێوازی کۆگاكردنی چەوری لە جەستەیاندا جیاواز بوو لەو مشکانەی بەهۆی سیستمی خۆراکییەوە قەڵەو ببون.
لە حاڵەتی تێکچوونی خشتەی هۆرمۆنیدا، چەورییەکان زیاتر لە شانە چەورییەکاندا کۆبوونەوە، لە کاتێکدا جگەر کەمتر ڕووبەڕووی کەڵەکەبوونی چەوری بووەوە بەراورد بەو مشکانەی سیستمی خۆراکیی دەوڵەمەند بە چەورییان خواردبوو.
لە بەرامبەردا، سیستمی خۆراکیی دەوڵەمەند بە چەوری بووە هۆی زیادبوونی گەورەتر لە بڕی چەوری کۆبووەوە لە جەستەدا، و پەیوەندی بە کەڵەکەبوونی ڕوونی چەورییەوە هەبوو لە جگەردا، لە کاتێکدا ئەو مشکانەی کە هەردوو سیستمی دەوڵەمەند بە چەوری و تێکچوونی خشتەی هۆرمۆنییان تێدا کۆببووەوە، بەرزترین ئاستی کەڵەکەبوونی چەورییان تۆمارکرد.
هەروەها توێژەران تێبینی جیاوازییان کرد لە شێوازی دەرکەوتنی بەرگریی ئەنسۆلیندا، بە جۆرێک کە بەرگرییەکە لە مشکە تووشبووەکان بە تێکچوونی خشتەی هۆرمۆنیدا زیاتر لە ماسولکەکاندا چر ببووەوە، لە کاتێکدا شانە چەورییەکان توانایان ماوە بۆ وەڵامدانەوە بۆ ئەنسۆلین و کۆگاکردنی چەوری.
بەپێی ئەنجامەکان، ئەم جیاوازییە دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گواستنەوەی چەوری بۆ جگەر و بە ئەنجامیش کەمکردنەوەی کەڵەکەبوونی تێیدا، بەراورد بە شێوازەکانی تری قەڵەوی.
ئەم ئەنجامانە پشتگیری لە توێژینەوەیەکی پێشووی هەمان تیم دەکەن لە ساڵی 2022دا، کە تێیدا دەرکەوت بوو کە تێکچوونی خشتەی کاتیی هۆرمۆنەکانی گلوکۆکۆرتیکۆید دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونێکی گەورە لە چەوریدا لای مشکەکان بە بێ زیادبوونی ئەو بڕە خۆراکەی دەیخۆن.
ئەم ئەنجامانە گرنگی خۆیان هەیە لە ڕووناکایی توێژینەوە مرۆییە پێشووەکاندا کە پەیوەندییان بەدیهێناوە لە نێوان تێکچوونی خشتەی کاتیی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ و قەڵەویدا، هەروەها گۆڕانکارییان لەم خشتەیەدا چاودێری کردووە لای ئەو کەسانەی بە دەست سترێسی درێژخایەنەوە ناڵێن یان بە سیستمی نۆوبەت (شفت) کار دەکەن.
دکتۆر ماری تێروێیل، کە سەرکردایەتی توێژینەوەکەی کردووە، ڕایگەیاند کە ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە قەڵەوی حاڵەتێکی یەکبنچینە نەبێت کە بەهۆی یەک هۆکارەوە دروستببێت، هەروەها بەرگریی ئەنسۆلینیش دەکرێت لە شانەیەکەوە بۆ شانەیەکی تر جیاواز بێت بەپێی ئەو هۆکارەی کە بووەتە هۆی دروستبوونی.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تێگەیشتن لە قەڵەوی ڕەنگە پێویستی بە سەیرکردنی ئەو هۆکارانە هەبێت کە لە سەرووی خۆراک و کالۆرییەوەن، لەوانە تێکچوونی خەو، سترێس و کاتی نیشانە هۆرمۆنییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەنجامەکان لەسەر بنەمای تاقیکردنەوە لەسەر مشکەکان دروستکراون، و پێویست بە توێژینەوەی زیاتر هەیە بۆ دیاریکردنی ڕادەی گونجان و بەجێگەییشتنی ئەم میکانزم و ئەنجامانە لەسەر مرۆڤ.

