ئەمڕۆ دووشەممە 2024.5.13، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، پرۆژەی دروستكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی ناوچەی “پەرەپێدانیان لە نزیک گوندی پیرەش” بەسەرکردەوە، کە یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی خزمەتگوزاریی لە شاری هەولێر و زیاتر لە (60 ئامێری جۆراوجۆر) كاری تێدا دەکات تاوەکوو بەخێرایی کارەکانی بەکۆتابێت.
لە بەسەر کردنەوەکەیاندا، هەریەک لە وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی لەنزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ كارەكانی پرۆژەكە كرد، جەختیان لەسەر ئەوەكردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییانی سنوورەكە قەرەبوو كرانەوە بە وێنەی تۆمار (تاپۆ)، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سێ بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگەپێدانی دروستكردنی خانوویان پێ بدرێت و دەستبكەن بە دروستكردنی خانووەكانیان.
جێگەی بەسە، پرۆژەی دروستكردنی (118 شەقام) لە ناوچەی پەرەپێدان بە گوژمەی ( 2 ملیار و 220 ملیۆن و 628 هەزار دینار )، لە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت كە پێكهاتووە لە (118 شەقام) كە ئێستادا کاری ڕێکخستنەوەی شەقام و تێکەڵەڕێژکردنی بۆ ئەنجام دەدرێت، بڕگەیەكی تری پرۆژەكەش بریتییە لە کاری دانانی تۆڕی ئاو و لێدانی بیر و دروستکردنی عەمباری ئاو.