کەمیی ڤیتامین K دەکرێت بێ هەبوونی نیشانەی دیار، کاریگەری بخاتە سەر تەندروستیی ئێسک، دڵ و پرۆسەی مەینی خوێن. خوێنبەربوونی نائاسایی یان درەنگ وەستانی خوێن، دابەزینی پتەویی ئێسک، کێشەکانی دڵ و نیشانەکانی داخورانی جومگە لەو دیاردانەن ڕەنگە بەهۆی وەرنەگرتنی بڕی پێویستی ئەم ڤیتامینەوە دروست ببن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی “هێڵسی”، ڤیتامین K یەکێکە لەو ماددە خۆراکییانەی کەمتر باسی لێوە دەکرێت، لە کاتێکدا گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەم ڤیتامینە دوو جۆری سەرەکیی هەیە: ڤیتامین K1 و ڤیتامین K2. ڤیتامین K1 ڕۆڵێکی گرنگ لە مەینی خوێندا دەگێڕێت، بەڵام K2 گرنگیی زیاتری بۆ تەندروستیی ئێسک، ڕێکخستنی گەشەی خانەکان و ڕێگریکردن لە نیشتنی کالسیۆم لەنێو شادەمارەکاندا هەیە، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ.
بەپێی توێژینەوەیەک لە گۆڤاری “نوترینتس” (Nutrients)دا بڵاو کراوەتەوە، ڕەنگە تا %31ـی کەسانی پێگەیشتوو بڕی پێویستی ڤیتامین K وەرنەگرن. بۆ پێشگرتن لە کەمیی ڤیتامین K، پێویستە ئەو خۆراکانە بخورێن دەوڵەمەندن بە K1؛ وەک سەوزە گەڵادارەکان، برۆکلی، لۆبیا، کولەکەی زەرد و شەربەتی هەنار. هەروەها خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە K2 بریتین لە: گۆشتی ڕانی مریشک، جگەری قاز، جگەری مانگا، زەردێنەی هێلکە، لەگەڵ کەرە و پەنیرێک لە شیری ئەو مانگایانە دروست کرابێت لەوەڕیان خواردووە.
ڤیتامین K لە چەوریدا دەتوێتەوە، بۆیە کاتێک لەگەڵ خۆراکی چەوردا دەخورێت، باشتر هەڵدەمژرێت. ئافرەتانی تەمەن 19 ساڵ و بەرەو سەر ڕۆژانە پێویستیان بە 90 مایکرۆگرام و پیاوانی تەمەن 19 ساڵ و بەرەو سەر پێویستیان بە 120 مایکرۆگرام لەم ڤیتامینە هەیە.
نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین K
ئەم نیشانانەی خوارەوە ڕەنگە هۆکاری جیاوازیان هەبێت، بەڵام لە کاتی بەدیارکەوتنی هاوکاتی چەند نیشانەیەکدا، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت:
– ئەو برینانەی خوێنبەربوونی زۆریان هەیە یان خوێنەکەیان درەنگ دەوەستێت:
ئەگەر خوێنبەربوونی برین بە خێرایی نەوەستێت، ئەگەری لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە خوێن و بەرزبوونەوەی مەترسیی گیانلەدەستدان بەهۆی برینداربوونەوە زیاتر دەبێت. نیشانە هۆشداریدەرەکانیش بریتین لە: خوێنبەربوونی توندی سووڕی مانگانە، خوێنبەربوونی لووت، بوونی خوێن لە میز یان پیساییدا، و خوێنبەربوونی پووک. ڤیتامین K لەگەڵ ئەو ئەنزیمە کار دەکات بۆ دروستکردنی پرۆترۆمبین پێویستە؛ پرۆترۆمبین جۆرە پرۆتینێکە بەشدارە لە پرۆسەی مەینی خوێندا.
بە گوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی ئەمریکا، هەندێک توێژینەوە پەیوەندییان دۆزیوەتەوە لەنێوان وەرگرتنی زیاتری ڤیتامین K و بەرزبوونەوەی چڕیی ئێسک و کەمبوونەوەی مەترسیی شکانی حەوزدا. لە کاتی کەمبوونەوەی ئەم ڤیتامینەدا، لەش بڕی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی وەک پاراستنی تەندروستیی ئێسک و دڵ.
– پەیوەندیی ئەگەری بە تەندروستیی دڵەوە:
کاتێک ئاستی ڤیتامین K دادەبەزێت، دەکرێت کالسیۆم لەبری ئێسکەکان، لەنێو شانە نەرمەکاندا بنیشێت، وەک شادەمارەکان. ئەم دۆخە نەک تەنیا دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئێسکەکان، بەڵکوو دەکرێت نیشتنی کالسیۆم لە دەمارەکاندا لێ بکەوێتەوە، لە کاتێکدا ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی مەترسی بۆ سەر تووشبوون بە نەخۆشیی دەماری تاجیی دڵ. مەترسیی نیشتنی کالسیۆم لە دەمارەکاندا لەنێو تووشبووانی نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە.
– پەیوەندیی ئەگەری بە داخورانی جومگەوە (ئارترۆز):
کاتێک ئاستی ڤیتامین K لەڕادەبەدەر کەم دەبێتەوە، ڕەنگە ئێسک و کڕکڕاگەکان هەموو ئەو ماددە کانزاییانەی پێویستیان پێیەتی دەستیان نەکەوێت، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە داخورانی جومگەکان زیاد دەکات؛ هەرچەندە بەپێی توێژینەوەکان، لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە.
هۆکارەکانی کەمیی ڤیتامین K
هەندێک دەرمان و نەخۆشی دەبنە ڕێگر لە هەڵمژینی ڤیتامین K لە لەشدا:
– تووشبووانی هەندێک لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس یان سندرۆمەکانی کەمهەڵمژینی خۆراک، ڕەنگە نەتوانن بە دروستی ڤیتامین K هەڵمژن. ئەم نەخۆشییانەش بریتین لە: فایبرۆزی کیسی، برینی ڕیخۆڵە (کۆلیت)، هەوکردنی درێژخایەنی پەنکریاس، نەخۆشیی هەوکردنی ڕیخۆڵە، سندرۆمی ڕیخۆڵەی کورت و گیرانی بۆڕیی زراو.
– ئەوانەی نەشتەرگەریی کەمکردنەوەی کێشیان ئەنجام داوە، زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی کەمیی ڤیتامین K دەبنەوە، پێویستە بۆ بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکی ڕاوێژ بە پزیشک بکەن.
– هەندێک دەرمانی دژەبەکتریا لە خێزانی سێفالۆسپۆرین دەکرێت ئەو بەکتریایانە لەناو بەرن لەنێو ڕیخۆڵەدا ڤیتامین K بەرهەم دەهێنن.
– ئەو دەرمانانەی لە ڕێگەی پێشگرتن لە دووبارە هەڵمژینەوەی ترشەکانی زراودا کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنن (وەک کۆلێستیرامین و کۆلێستیپۆل)، دەکرێت هەڵمژینی ڤیتامینە تواوەکان لە چەوریدا وەک ڤیتامین K کەم بکەنەوە.
ئەکادیمیای پزیشکانی منداڵانی ئەمریکا پێشنیاز دەکات هەموو کۆرپەیەک لە کاتی لەدایکبووندا، بڕی 0.5 بۆ 1 میلیگرام ڤیتامین K1 وەربگرێت؛ چونکە ئەم ڤیتامینە بە باشی لە وێڵاشەوە تێناپەڕێت و کەمییەکەی لە چەند هەفتەی سەرەتای ژیاندا، دەبێتە هۆی خوێنبەربوون. ئەگەر خوێنبەربوونەکە لەنێو کاسەی سەردا ڕوو بدات، دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانی کۆرپەکە دروست بکات.
ئاستی ڤیتامین K لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دیاری دەکرێت. پشکنینەکە رێژەی ئەو پرۆتینانە دەستنیشان دەکات پەیوەستن بەم ڤیتامینەوە و بە تەواوی چالاک نەبوونەتەوە؛ بەرزبوونەوەی رێژەی ئەم پرۆتینانە دەبێتە نیشانەی دابەزینی ئاستی ڤیتامین K، چونکە بوونی ئەم ڤیتامینە بۆ چالاککردنیان پێویستە.

