zagros news agency

چوار ساڵ و نیو سزای بەندکردن بۆ کەسێک لە بەردەم ماڵی گالانت وێنەی گرتبوو

 

دادگای ناوچەیی حەیفا لە ئیسرائیل پیاوێکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران، لەوانەش گرتنی وێنە و ڤیدیۆ لە نزیک ماڵی یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، بە ٥٥ مانگ بەندکردن سزا دا.

فارس ئەبوولهەیجا، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شارەدێی عەرەبنشینی کەوکەب لە باکووری ئیسرائیل، بە «پەیوەندیکردن بە لایەنی بیانی» تۆمەتبار بوو؛ ماوەی سزاکەشی بە لەبەرچاوگرتنی دانپێدانانی بە تۆمەتەکاندا دیاری کرا.

ناوبراو تۆمەتبار کرابوو لە نێوان تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا چەند ئەرکێکی بۆ ئێران جێبەجێ کردووە؛ ئەو ئەرکانەی بە چوونی بۆ بەردەم ماڵی گالانت لە شارەدێی عەمیکام لە باکووری ئیسرائیل کۆتایییان پێ هات و دەستگیرکردنی ناوبراوی لە هەمان شوێندا لێ کەوتەوە.

ئەرکەکانی دیکەی تۆمارکردنی ڤیدیۆی کافێیەک لە تەلئەڤیڤ و شاردنەوەی مۆبایل، پارەی کاش و تێپەڕەوشەی جزدانێکی دراوی دیجیتاڵیی لەخۆ گرتبوو. بە گوتەی داواکارانی گشتی، ئەبوولهەیجا لە بەرانبەر جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەدا بە گشتی نزیکەی ٣٦٠٠ دۆلاری وەرگرتووە.

دادگا ڕایگەیاند ئەبوولهەیجا ڕێنماییی ئەرکەکان و پارەپێدانەکانی لە ڕێگەی هەژمارێکی نامەبەری تێلیگرامەوە وەرگرتووە. ناوبراو گومانی کردبوو کەسی بەرانبەری لایەنێکی ئێرانی بێت، بەڵام خۆی لە بەدواداچوونی زیاتری بابەتەکە پاراستبوو.

دادگا بە ئاماژەدان بە نەبوونی پێشینەی تاوان لەلای ناوبراو و دەربڕینی پەشیمانی لە کارەکانی، جیا لە حوکمی بەندکردنەکەی، دوو ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراویشی بۆ بڕییەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریکا هەڕەشە لە گروپە چەکدارە عێراقیەکان دەکات

سەڵاح

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: وڵاتان بە خێرایییەکی بێوێنە کۆگاکانی نەوت بەکار دەهێنن

یاسین

ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری هێرشکردنە سەر کارمەندانی پڕۆژەی “پشتێنەی سەوز”ی ڕاگەیاند

سەڵاح